لالیگا بۆ پۆلیس: ئەوانە بگرن کە سووکایەتی بەڤینیسیۆس دەکەن

6 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن ڤینیسیۆس جۆنیۆر رەگەزپەرستی لالیگا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دەستەی لالیگا داوای دەستگیرکردنی هەموو ئەو هاندەرانە دەکات کە هەڵمەتی رقەبەرایەتی و رەگەزپەرستییان لە دژی ڤینیسیۆس جۆنیۆری یاریزانی ریال مەدرید دەستپێکردەوە، بەرلەوەی ئەو یاریزانە ئەمشەو لەگەڵ ریال مەدرید، لە یاریگەی میترۆپۆلیتانۆ بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید یاریی بکات.
 
لە دوو رۆژی رابردوودا، دەستەیەک لە هاندەرانی ئاتلێتیکۆ مەدرید، هەڵمەتێکیان بۆ پۆشینی ماسک و چوونە نێو یاریگەی میترۆپۆلیتانۆ دەستپێکردووە و داوا دەکەن، هاندەران بچنە یاریگەوە بە ماسکەوە، تاوەکو سووکایەتی و دروشمی رەگەزپەرستی لە دژی ڤینیسیۆس بڵێنەوە و رووخساریان لەلایەن پۆلیسەوە نەناسرێتەوە.
 
لە ساڵی رابردووەوە، پۆلیسی ئیسپانی چەندین کەسیان لە هاندەرانی یانە جیاوازەکان، بەهۆی رەگەزپەرستی بەرامبەر ڤینیسیۆس جۆنیۆری ئەستێرەی ریال مەدرید دەستگیرکردووە.
 
دەستەی سەرپەرشتیاری لالیگا لە بڵاوکراوەیەکدا دەڵێ، "دەستەکەمان رایدەگەیێنێت کە بەفەرمی داوای دەستگیرکردنی دەستبەجێی ئەو کەسانەمان کردووە کە هانی هەڵمەتی رەگەزپەرستانە و سووکایەتی دەکەن بەرامبەر یاریزانان".
 
دەستەکە زیاتر دەڵێ، "هەڵمەتەکە تاوانی دژە مرۆییە و بەپێی یاسا سزای لەسەرە".
 
دووپاتیکردووەتەوە، "دەستەی لالیگا بەتووندی دژی ئەو هەنگاوانە دەوەستێتەوە کە راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ هانی رەگەزپەرستی و دژایەتی هەر کەسێک دەدات وەکئەوەی بەرامبەر ڤینیسیۆس جۆنیۆر دەکرێت بەهۆی رەنگی پێستییەوە".
 
لالیگا دەڵێ، "ئەو کردەوانە نەک تەنیا زیان بە وەرزش و وڵاتەکەمان دەگەیێنێت، بەڵکو هەڕەشەیە لەسەر سەلامەتی و خۆشگوزەرانیی هاندەرانیش".
 
دادگای ئیسپانیا لە مانگی حەوتی ئەمساڵدا، سزای بەندکردنی بۆ سێ هاندەری یانەی ڤالێنسیا دەرکرد، پاشئەوەی تۆمەتباریکردن بەتاوانی رەگەزپەرستی بەرامبەر هێرشبەرە بەرازیلییەکەی ریال مەدرید.
 
دەسەڵاتدارانی پۆلیسیش تۆمەتی رەگەزپەرستییان بەسەر چوار هاندەری ئاتلێتیکۆ مەدریددا سەپاند، پاشئەوەی بووکەڵەیەکەیان لەشێوەی ڤینیسیۆس جۆنیۆر بە پردێکی مەدریدەوە لەسێدارەدا.
 
مانگی سێی ئەمساڵ، ریال مەدرید بەفەرمی سکاڵای لە نووسینگەی داواکاری گشتیی ئیسپانیا تۆمارکرد، بەهۆی بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە تێیدا هاندەرانی ئاتلێتیکۆ مەدرید بەرلە یاریی یانەکەیان بەرامبەر ئینتەرمیلانی ئیتاڵی لە چامپیۆنزلیگ، سووکایەتی بەڤینیسیۆس جۆنیۆر دەکەن.
 
مانگی چواری ئەمساڵ، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا، یانەی ئاتلێتیکۆ مەدریدی ناچارکرد بەشێک لە پلیکانەی یاریگەکەی بەڕووی هاندەراندا دابخات، پاشئەوەی هاندەرانی ئەو یانەیە سووکایەتییان کرد و رەگەزپەرستییان بەرامبەر نیکۆ ویلیامزی یاریزانی ئاتلێتیک بیبلباو ئەنجامدا.
 
پێشتر ڤینیسیۆس جۆنیۆر، لە یاریگەی مێستایای تایبەت بەڤالێنسیا رووبەڕووی دروشمی رەگەزپەرستانی هاندەرانی ئەو یانەیە بووەوە. ئەو یاریزانە هاوینی ئەمساڵ لە چاوپێکەوتنێکدا داوایکرد مافی میوانداریکردنی مۆندیالی 2030 لە ئیسپانیا وەربگیرێتەوە ئەگەر هاندەرەکانی لە سووکایەتیکردن بە یاریزانە رەشپێستەکان بەردەوام بن.
 

بڕیارە کاژێر 22:00ی ئەمشەو، لە یاریگەی میترۆپۆلیتانۆ لە گەڕی هەشتەمی لالیگادا، ئاتلێتیکۆ مەدرید و ریال مەدرید، لە دێربیی مەدریددا بەیەکبگەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە