4 وڵاتەکەی بەریتانیا لەگەڵ ئێرلەندا داوای میوانداریکردنی یۆرۆی 2028 دەکەن

29-07-2023
سه‌فین ته‌ها @safintaha
نیشانەکردن یۆرۆی 2028
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

چوار وڵاتی بەریتانیا لەگەڵ ئیرلەندا، هەوڵی بەدەستهێنانی میوانداریکردنی یۆرۆی 2028ـیان بۆ رەخساوە، ئەمەش دوای ئەوەی تورکیا کشانەوەی لە دۆسیەی میوانداریکردنی یۆرۆی 2028 راگەیاند و  داوای لە یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا کرد کە لە ساڵی 2032 بە هاوبەشی لەگەڵ ئیتاڵیا میوانداری پاڵەوانێتییەکە بکات.
 
رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی رایگەیاند، دوای ئەو هەنگاوەی تورکیا، داواکاریی بەریتانیا و ئێرلەندا بۆ میوانداریکردنی پاڵەوانێتییەکە لە ساڵی 2028 زۆر بەهێزتر بووە و ئەگەری بردنەوەی زیاترە.
 
ئینگلتەرا، وێڵز، سکۆتلەندا، ئێرلەندای باکوور و کۆماری ئێرلەندا پێشنیازێکی هاوبەشیان پێشکێشکرد بۆ میوانداریکردنی پاڵەوانێتییەکە لە ساڵی 2028.
 
تورکیا پێشتر بەشێوەیەکی تاکلایەنە داواکاری پێشکێش کردبوو بۆ میوانداریکردنی پاڵەوانێتی ئەوروپا "یۆرۆی 2028"، بەڵام دواتر پەشیمان بووەوە و بەنیازە لەگەڵ ئیتاڵیا ئەو کارە بکەن، بەڵام لە ساڵی 2032.
 
یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، فیدراسیۆنەکەمان پشتڕاستی دەکاتەوە کە داواکارییەکی لە فیدراسیۆنی ئیتاڵیا و فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیاوە پێگەیشتووە بۆ ئەوەی خۆیان یەکبخەن بۆ میوانداریکردنی یارییەکانی یۆرۆی 2032 بەهاوبەشی. 
 
ئاماژەی بەوەشکرد "یۆفا لەگەڵ فیدراسیۆنی تورکیا و ئیتاڵیا کاردەکات بۆ دڵنیابوون لەوەی بەڵگەنامەکانی داواکاری میوانداریکردن لەگەڵ مەرجەکانی وەرگرتن دەگونجێت".
 
فیدراسیۆنی ئیتاڵیا رایگەیاند، دوای گفتوگۆی قوڵ و بەرهەمدار گەیشتوونەتە بڕیاری هاوبەشی میوانداریکردن لەگەڵ تورکیا بۆ یارییەکانی یۆرۆی 2028.
 
پێشبینی دەکرێت پێش 10ـی تشرینی یەکەمی داهاتوو، یۆفا بڕیار لەسەر ئۆفەرە هاوبەشەکان بدات بۆ میوانداریکردنی ئەو دوو پاڵەوانێتییە بە سیستەمەکانی خۆی، چونکە بڕیار دەدات کێ میوانداری پاڵەوانێتییەکانی یۆرۆی 2028 و 2032 دەکات؟
 
لە ئەگەری سەرکەوتنی شانشینی یەکگرتوو لەگەڵ کۆماری ئێرلەندا لە میوانداریکرندنەکە، یارییەکان لە 10 یاریگا و لە 5 وڵاتدا بەڕێوەدەچن.
 
دێبی هیویت، سەرۆکی لێژنەی پێشنیازەکانی بەریتانیا و ئێرلەندا دەڵێت: هاوبەشی هەر پێنج وڵاتەکە لە مێژووی پاڵەوانێتیی ئەوروپادا ناوازە و لەبیرنەکراو دەبێت.
 
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو وڵاتانە ماندوونەناسانە کاردەکەن بۆ ئەوەی ببنە باشترین هاوبەش بۆ یەکێتیی تۆپی پیی ئەوروپا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە