ڤیدیۆ؛ چێڵسی چالاکترین یانەی مێرکاتۆی هاوینی ئەمساڵە

29-06-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
ماوریسیۆ پۆچێتینۆ
ماوریسیۆ پۆچێتینۆ
نیشانەکردن ماوریسیۆ پۆچێتینۆ چێڵسی مێرکاتۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

زستانی رابردوو، بە ئەنجامدانی چەندین گرێبەستی یەک بەدوای یەک و بەبەهای زۆر، چێڵسی مشتومڕی زۆری لەسەر خۆی و سیاسەت و بیرکردنەوە خاوەنە نوێیەکەی دروستکرد.. ئەوکات بلووز چەندین یاریزانی هێنایە ریزەکانییەوە و تیچووی دەستەوارەکانی تەنیا لە زستاندا زیاتر لە چارەکە ملیارێک یۆرۆیان تێپەڕاند، ئێستا پاش چەند مانگێک، چێڵسی بەئاراستەی پێچەوانەدا مشتومڕ لە چواردەوری خۆی دروستدەکاتەوە.
 
ئەگەر ژمارە و هەواڵەکانی گواستنەوەی هاوینی ئەمساڵ لەبەرچاو بگرین، لە کۆی یانەکانی ئەوروپادا، چێڵسی چالاکترین یانەی تاوەکو ئێستای ئەوروپایە، بەڵام ئەمجارەیان بە ئاراستەی خاوێنکردنەوە و رێکخستنەوەی تیپەکە و بەڕێکردنی چەندین یاریزان.
 
چێڵسی تاوەکو ئێستا پێنج یاریزانی خۆی داوەتە یانەکانی خولی سعودیە و بۆ هەر یەکێک لەو کارانە، بڕێک پارەی وەرگرتووە، دوو یاریزانی دیاریشی لە تیپەکە فرۆشتووەتە یانەکانی دیکەی پرێمەرلیگ، کە بەهای زۆریان هەبووە، کای هاڤێرتز و کۆڤاچیچ، کە بەهەردوو یاریزانەکە، چێڵسی نزیکەی 90 ملیۆن پاوەندی بەدەستهێناوە.
 
جیا لەو یاریزانانەی تاوەکو ئێستا بەفەرمی رۆیشتنیان لە چێڵسی راگەیێنراوە، مەیسن ماونت یەکێکی دیکە لە یاریزانانی بلووز دەبێت کە دەرگای چوونە دەرەوەی بۆ کراوەتەوە و ئەو یاریزانە نزیکە لە پەیوەندیکردن بە مانچێستەر یونایتد. سیزار ئازپیلیکۆێتا بەهەمان شێوە نزیکە لە پەیوەندیکردن بە یانەی ئینتەرمیلانی ئیتاڵی و کالۆ هۆدسۆن ئۆدۆی لە میلانۆیە بۆ ئەنجامدانی پشکنینی پزیشکی. 
 
لەنێو کۆی گشتیی دیمەنەکەی پەیوەست بە بلوز، رۆمیلۆ لوکاکۆی هێرشبەریش پێناچێ ویستی گەڕانەوە بۆ چێڵسی هەبێت و دەیەوێت لەگەڵ ئینتەرمیلان بمێنێتەوە و ئەو یانەیە بەیەکجاری گرێبەستەکەی بکڕێتەوە، لە کاتێکدا هێشتا یانەکانی سعودیە بۆ ئەو هێرشبەرە بەلجیکییە لەسەر هێڵن.
 
لە بەرامبەر ئەو هەموو رۆیشتن و بەڕێکردنەی یاریزاناندا، ئێستا بەتایبەت میدیای ئینگلتەرا بەدواداچوون بۆ رێکەوتنی تۆد بۆیلی، سەرۆکی یانەکە دەکەن لەبارەی دەستەوارەکانی لەگەڵ یانەکانی سعودیە و داوای لێکۆڵینەوە دەکەن. میدیای ئینگلیزی گومانیان لە خاوێنیی کارەکان هەیە و پێیانوایە ئەوەی چێڵسی دەیکات دەکرێ فرتوفێڵی زۆری تێدا بێت.
 
کارگێڕیی بلووز تاوەکو ئێستا بەبێدەنگیی کارەکانی خۆی دەکات. دوای وەرزێکی لێوانلێو لە شکست و ترس لە دابەزین و گرتنی پلەی دوانزەی ریزبەندی پرێمەرلیگ، یانەکە بڕیاریداوە بەهەمان ئەو رێچکەیەدا نەچێتەوە و گۆڕانکاریی بکات.
 
هەنگاوەکانی چێڵسی بە پاکسازی دەستیانپێکرد، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە لە دوای بەڕێکردنی ژمارەیەک یاریزان و هێنانی تەنیا یەک یاریزان، یانەکە هەنگاوەکانی داهاتووی لە خۆرێکخستنەوەدا چۆن دەبن و کێ شوێنی ئەو یاریزانە رۆیشتووانە دەگرێتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە