بۆچی ئینگلیزەکان لە بەرامبەر باڵۆندۆردا دەستەوسانن؟

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن باڵۆندۆر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەمشەو لە هۆڵی 'دو شاتلێ' لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، ناوی براوەی باڵۆندۆری ساڵ ئاشکرا دەکرێت کە تایبەتە بەبراوەی خەڵاتەکە لە ساڵی 2024دا.
 
لە کاتێکدا زۆرینەی بۆچوونەکان بەو ئاراستەیەن کە براوەی ئەمساڵی خەڵاتەکە، ڤینسیسیۆس جۆنیۆری ئەستێرەی ریال مەدرید و هەڵبژاردەی بەرازیلە، پاشئەوەی زۆرینەی بۆچوونەکان لەگەڵ ئەوەدابوون ئەو یاریزانە باشترینی ساڵ بووە، هێشتا باڵۆندۆر وەک رووداوێکی گەورە و کاریگەر لە ژیانی هەموو یاریزانێکدا دەمێنێتەوە.
 
لە دوای دروستکردنی خەڵاتەکەوە لە ساڵی 1956 لەلایەن سێ رۆژنامەڤانی فەرەنسیی ئەندامی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی گۆڤاری 'فرانس فوتبۆڵ' و پێدانی یەکەم خەڵات بە ستانلی ماتاوسی ئەستێرەی ئینگلیزیی یانەی بلاکپوڵ، باڵۆندۆر بووەتە سیمبولی  بەرزترین پلەی داهێنان و ئاستی بەرز لە تۆپی پێدا، تەنانەت ئەمە لە کاتێکدا کە تۆپی پێ بەیارییەکی بەکۆمەڵیش دەمێنێتەوە و هەر وا بەردەوامە.
 
تاوەکو ساڵی 1994 خەڵاتەکە تەنیا بە یاریزانانی ئەوروپی دەدرا، بەڵام دواتر هەمووانی گرتەوە، بەومەرجەی یاریزانەکە لە ئەوروپادا یاریی بکات، کێشە نییە ئەگەر خەڵکی هەر وڵاتێک بێت.
 
لەسەرەتاکانی دابەشکردن و هاتنەئارای خەڵاتەکەدا، یانەکانی ئینگلتەرا کۆنترۆڵی خەڵاتەکەیان کرد، پاشان بردنەوەی خەڵاکە کەوتە ژێردەستی یانەکانی ئەڵمانیاوە، بەتایبەت بۆرووسیا میونشنگلادباخ، هامبۆرگ و بایرن میونشن لە نێوان ساڵانی 1976 تاوەکو 1981.
 
لەسەرەتای هەشتاکاندا، یانەکانی ئیتاڵیا کۆنترۆڵی خەڵاتەکەیان کرد، ئەوەش هاوکاتبوو لەگەڵ درەوشانەوەی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا و بەدەستهێنانی نازناوی مۆندیالی 1982 و پاشانیش درەوشانەوەی یانەی یوڤێنتوس لە پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکان بەپێشەوایەتی میشێل پلاتینی و بردنەوەی چەندین نازناو.
 
باڵادەستبوونی یانەکانی ئیتاڵیا بەسەر خەڵاتەکەدا بەردەوامبوو، بەهۆی درەوشانەوەی یانەکانی یوڤێنتوس و میلان لە چامپیۆنزلیگ، بەڵام یانەکانی ئیسپانیا و بەدیاریکراوی ریال مەدرید و بارسێلۆنا، بەهۆی دەرکەوتن و درەوشانەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ و لیۆنێل مێسی، بۆ چەندین ساڵ مۆنۆپۆڵکاری خەڵاتەکە بوون.
 
یانەکانی ئیسپانیا خاوەنی زۆرترین باڵۆندۆرن، لە نێویاندا ریال مەدرید و بارسێلۆنا هەریەکەیان 12 خەڵاتیان بردووەتەوە، بەڵام ئەگەر ئەمڕۆ ڤینیسیۆس جۆنیۆر خەڵاتەکە بباتەوە، ئەوە ریال مەدرید دەبێتە خاوەنی سیانزەیەمین باڵۆن دۆر.
 
بارسێلۆنا شەش خەڵاتی باڵۆندۆری هەیە، کە شەشیان لەلایەن لیۆنێل مێسی ئەفسانەی ئەرجەنتینییەوە بەدەستهێنراوە، لە کاتێکدا هەردوو خەڵاتی حەوتەم و هەشتەمی کاتێک بەدەستهێنا، کە لە پاریس سانجێرمان و ئینتەر مەیامی ئەمریکی بوو.
 
هەرچی ریال مەدریدە، دوانزە خەڵاتەکەی تاوەکو ساڵی 2023 بەشی شێر تێیدا بۆ کریستیانۆ رۆناڵدۆ بوو کە چوار باڵۆندۆری بردووەتەوە، لە کاتێکدا یەکەم باڵۆندۆری ئەوکاتە بردووەتەوە کە یاریزانی مانچێستەر یونایتد بوو لە ساڵی 2008.
 
یانەکانی میلان و یوڤێنتوس لە پلەی سێیەم و چوارەمی زۆرترین براوەی خەڵاتەکەن، هەریەکەیان هەشتجار لەلایەن یاریزانەکانیانەوە نازناوەکە بەدەستهێنراوە، لە کاتێکدا بایرن میونشن خاوەنی پێنج نازناوە کە فرانس پیکنپاوەری ئەفسانەی، سێجار نازناوەکەی بردووەتەوە.
 
وێڕای دەرکەوتنی پرێمەرلیگ وەک بەناوبانگترین و بەهێزترین خول لە جیهاندا و جیا لەوەی کە یانەکانی ئەو خولە چەندین یاریزانی گەورە و ئاستبەرزیان تێدایە، بەڵام تۆماری باڵۆندۆری یانەکانی ئەو وڵاتە لە ماوەی نیو سەدەی رابردوودا زۆر کەمبوون.
 
یانەکانی ئینگلتەرا شەش جار خەڵاتەکەیان بەدەستهێناوە، لەنێویاندا جۆرج بێستی یاریزانی مانچێستەر یونایتد.
 
لەسەدەی بیست و یەکدا، تەنیا دوو یاریزانی پرێمەرلیگ خەڵاتەکەیان بەدەستهێناوە، کە بریتین لە مایکڵ ئۆین لە لیڤەرپوول لە ساڵی 2001 و کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە مانچێستەر یونایتد لە 2008.
 
لە ریزبەندی ئەو یاریزانانەدا کە زۆرترین خەڵاتی باڵۆن دۆریان بردووەتەوە، لیۆنێل مێسی هەشت جار و کریستیانۆ رۆناڵدۆ پێنج جار، هەریەکە لە میشێل پلاتینی، یۆهان کرۆیف و مارکۆ ڤان باستن سێ خەڵات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە