رووداو دیجیتاڵ
یانەی ریال مەدرید لە راگەیێندراوێکی فەرمیدا بە تووندی وەڵامی دوایین لێدوانەکانی خاڤیێر تێباس، سەرۆکی لالیگای دایەوە و رایگەیاند، قبووڵنەکراوە تێباس پۆستەکەی بۆ لەکەدارکردن و هێرشکردنە سەر دامەزراوەیەک بەکاربهێنێت".
یانەی شاهانە ئەم دەستوەردانەی سەرۆکی لالیگای بە زۆر مەترسیدار، تێنەگەیشتوو، بێزارکەر و ناپڕۆفێشناڵ ناوبرد.
لە راگەیێندراوەکەی ریال مەدریددا نووسراوە"جێگەی سەرسوڕمانێکی گەورەیە کە سەرۆکی لالیگا کات و سۆشیال میدیای تایبەتی خۆی تەرخان دەکات بۆ ئەوەی بەردەوام هەوڵی لەکەدارکردنی ناوی ریال مەدرید بدات لەبەردەم رای گشتیدا".
ریال مەدرید داوای دوورخستنەوەی تێباس دەکات
سەرەڕای ئەوەی یانە مەدریدییەکە هەنگاوە یاساییەکانی داهاتووی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام داوایەکی روونی ئاراستە کردوون و بە شێوەیەکی بەپەلە داوا دەکات سەرکردەیەک بۆ بەڕێوەبردنی خولەکە دابنرێت کە ئەرکی بنەڕەتیی بێلایەنی بپارێزێت. ریال مەدرید دەڵێت "سەرۆکی لا لیگا خاوەنی خولەکە نییە، بەڵکو کارگێڕێکە لە خزمەتی یانەکاندایە".
گرژییەکانی نێوان ریال مەدرید و خاڤیێر تێباس مێژوویەکی دوورودرێژیان هەیە و ئەم راگەیێندراوەش لاپەڕەیەکی نوێی لە شەڕی ساردی نێوانیان هەڵدایەوە، لە کاتێکدا هەمووان چاوەڕێی وەڵامی فەرمیی سەرۆکی لالیگا دەکەن.




