رووداو دیجیتاڵ
سەردار ئازموون، هێرشبەری بەنێوبانگی ئێرانی، دوێنێ دووشەممە جارێکی دیکە پەیوەندی بە هەڵبژاردەی نیشتیمانیی وڵاتەکەیەوە کردەوە، ئەمەش دوای چوار مانگ لە دوورخستنەوەی مشتومڕاوی لە پێکهاتەی بەشداربوو لە مۆندیالی 2026 کە بەهاوبەشی لەلایەن ئەمریکا، مەکسیک و کەنەداوە میوانداری کرا.
ئەمیر قەلعەنویی، راهێنەری هەڵبژاردەی ئێران لە مانگی ئایاری رابردوودا ئازموونی لە ریزەکانی هەڵبژاردەکەی دوورخستەوە بەهۆی ئەوەی بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە سۆشیال میدیادا دەستەڵاتدارانی ئێرانی تووڕەکرد، لە کاتی بەرزبوونەوەی گرژییەکان لەنێوان ئێران لەلایەک ا ئەمریکا و ئیسرائیل لەلایەک.
ئێستا قەلعەنویی ئەو هێرشبەرەی خستووەتە نێو پێکهاتەکە 26 یاریزانییەکەدا، کە بۆ یانەی شەباب ئەهلی دوبەی ئیماراتی یاری دەکات و لە 91 یاری نێودەوڵەتیدا 57 گۆڵی تۆمارکردووە.
هەڵبژاردەی ئێران خۆی ئامادە دەکات بۆ دوو یاریی دۆستانە، کە یەکێکیان بەرامبەر ئۆزبەکستان دەبێت و یەکێکی دیکەیان دوای پێنج رۆژ بەرامبەر رووسیا دەبێت.
سەردار ئازموونی تەمەن 31 ساڵ، لەو بارەوە لەڕێگەی سۆشیال میدیاوە پەیامێکی بڵآوکردووەتەوە و نووسیویەتی "بەڕاستی نازانم چۆن هەستەکانم بە وشە دەرببڕم؛ کە لەساڵی 2014ـەوە بە لەبەرکردنی ئەم درێسە زۆرترین ئەزموونم بەسەر بردووە".
ئاماژەی بەوەشکردووە "ئامادەبووم و ئامادەنەبووم، دوورخرامەوە و هێنرامەوە، لەگەڵ ئەوەشدا لە ماوەی ئامادەنەبوونمدا هەرگیز هەستم بە پچڕانی پەیوەندیم لەگەڵ هەڵبژاردەی نیشتمانی نەکردووە".
هەڵبژاردەی ئێران لە مۆندیالی 2026 لەگەڵ نیوزیلاند، بەلجیکا و میسر یەکسان بوو، و چانسی سەرکەوتنی بۆ قۆناخی دووەمی مۆندیالی لەدەستدا، کە لە 7 بەشداریدا لە پاڵەوانێتییەکەدا هەرگیز ئەو دەستکەوتەی بەدەستنەهێناوە.



.jpg&w=3840&q=75)
