فەرمی.. گرێبەستی نەیمار هەڵوەشێنرایەوە

28-01-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن نەیمار یانەی هیلالی سعودی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی هیلالی سعودی، بەشێوەیەکی فەرمی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی نەیمار داسیلڤا، ئەستێرەی بەرازیلیی لە یانەکە راگەیاند و ئەو یاریزانە بووە یاریزانێکی ئازاد.
 
چەند کاژێرێک لەمەوبەر، یانەی هیلال لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا رایگەیاند، دوای رێککەوتنیان لەگەڵ یاریزانەکە و بە رەزامەندیی هەردوولا گرێبەستەکەیان هەڵوەشێنراوەیە، بەمەش کاروانی یاریزانە بەرازیلییەکە لەگەڵ یانە سعودییەکە کۆتاییهات، لەکاتێکدا گرێبەستەکەی تاوەکو کۆتایی ئەم وەرزە بوو.
 
دوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی نەیمار، چاوەڕواندەکرێت چەند کاژێر داهاتوو یاریزانەکە بگەڕێتەوە بەرازیل و پەیوەندی بە یانەی سانتۆسەوە بکات، کە سەرەتای دەرکەوتنی ئەو یاریزانە لەو یانەیە بوو.
 
میدیای بەرازیل دەڵێت "یاریزانەکە سبەی دەگاتەوە بەرازیل، بۆ پەیوەندیکردن بەو یانەیە."
 
هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی نەیمار، دوای ئەوە هات کە لە ماوەی رابردوودا خۆرخی خیسوس، راهێنەری یانەی هیلال گوتی "ناتوانین لە قۆناخی دووەمی ئەم وەرزەی خولی سعودیدا سوود لە تواناکانی نەیمار وەربگرین."
 
گرێبەستی نەیمار لەگەڵ یانەی هیلال بۆ ماوەی دوو ساڵ بوو، دوای ئەوەی بەرامبەر 90 ملیۆن یۆرۆ و بە مووچەی 100 ملیۆن یۆرۆ بۆ هەر ساڵێک پەیوەندیی بە ریزەکانی یانەکەوە کرد.
 
کاروانی نەیمار لەگەڵ یانە سعودییەکە کاروانێکی شکستخواردبوو، بەهۆی ئەوەی تووشی پێکانێکی قورس بوو لە پچڕانی بەستەرەکانی ئەژنۆیدا و ئەوەش کاریگەرییەکی گەورە و نەرێنی کردە سەر ئاستی ئەو یاریزانە و دوورکەوتنەوەی لە یاریگەکان.
 
نەیمار داسیلڤا، لە ماوەی یارییکردنیدا بۆ یانەی هیلال تەنیا 7 یاریی ئەنجامداوە، گۆڵێکی تۆمارکردووە و 3 ئاسیستی بۆ یانەکە کردووە، لە هەر بردنەوەیەکدا لەگەڵ ئەو یانەیە 800 هەزار یۆرۆی وەکو پاداشتی بردنەوە پێدراوە.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە