رووداو-هەولێر
یانەی چێڵسی نەیتوانی بەر لە کۆتاییهاتنی قۆناخی کۆمەڵەکان بە شێوەیەکی فەرمی گەیشتن بە قۆناخی 16 مسۆگەربکات، دوای ئەوەی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی دوو خاڵی زۆر گرنگی بەرامبەر بە یانەی ڤالێنسیا لەدەستدا.
بلووز یارییەکی باشیکرد بەڵام لە خ خولەکەکانی کۆتاییدا دوو خاڵی لەدەستدا و یارییەکەش بە ئەنجامی دوو گۆڵ بۆ هەرلایەکیان کۆتاییهات، ئەگەر بلووز ئەم یارییەی ببردایەتەوە ئەوا بەفەرمی گەیشتنی بە قۆناخی داهاتوو مسۆگەردەکرد، ئەمەش دوای ئەوەی کۆی خاڵەکانی دەبووە 10 خاڵ.
بلووز لە نیوەی یەکەمدا بە گۆڵێکی کارلۆس سۆلێر کە لە خولەکی 41 تۆماریکرد دواکەوت، دوای تەنیا یەک خولەک لەو گۆڵە کوڕانی لامپارد لە رێگەی ماتێیۆ کۆڤاسیچەوە ئەنجامەکەیان یەکسانکردەوە، لە نیوەی دووەمیشدا یارییەکە دوو گۆڵی دیکەی بەخۆیەوە بینی، یەکەمیان بۆ چێڵسی لەلایەن کریستیان پوڵیشیچەوە تۆمارکرا، ئەوەی دیکەش دانیێل ڤاس ئۆڤەرێکیکرد و چووە نێو گۆڵەکەی کێپاوە لە خولەکەی 82، هەر لەم گێمەدا دانیێل پاریخۆ لێدانێکی سزای بۆ شەمشەمەکوێرەکان لەدەستدا.
لە یاری داهاتوودا بلووز هەلێکی باشی هەیە بۆ ئەوەی بگاتە قۆناخی داهاتوو، دەبێت بەهەر شێوەیەکبێت لە یانەی لیل بباتەوە یان یەکسانبێت و چاوی لە شکستی یانەی ڤالێنسیا بێت بەرامبەر بە یانەی ئایاکس.
یارییەکەی دیکەی شەوی چوارشەممە لە نێوان هەردوو یانەی زێنیتی رووسی گەڕایەوە نێو کەشوهەوای چامپیۆنزلیگ، دوای ئەوەی بە ئەنجامی دوو گۆڵی بێ بەرامبەر شکستی بە یانەی لیۆنی فەرەنسی هێنا.
یارییەکە لە رووسیاکرا، هەردوو گۆڵەکەی زێنیت لەلایەن یاریزانان دزیوبا و ئۆزدۆیێڤەوە تۆمارکران و یانە رووسییەکە سەرکەوتە پلەی دووەمی ریزبەندی کۆمەڵەکەی.




