ڤیدیۆ؛ بارسێلۆنا بەرامبەر یانەیەک یاری دەکات، لەو کاتەوەی مێسی رۆیشتووە لێی نەبردووەتەوە

27-08-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
بارسێلۆنا
بارسێلۆنا
نیشانەکردن بارسێلۆنا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هانزێ فلیک و یاریدەدەرەکەی پێش هەمووان و یاریزانەکانیش بەدوای ئەودا هاتن، بارسێلۆنا خۆی بۆ گەڕی سێیەمی رکابەرییەکانی لالیگادا ئامادەدەکات.
 
ئەمشەو بارسێلۆنا دەچێتە مەدرید، بەڵام نە بەرامبەر ریال مەدرید و نە ئاتلێتیکۆ مەدرید دەبێت، بەڵکو میوانی رایۆ ڤایکانۆیە و بەدوای سێیەم بردنەوەی لەسەریەکدا دەگەڕێت.
 
بلاوگرانا لەگەڵ ئەوەی بەشێکی یاریزانەکانی پێکانیان هەیە و کێشەکانی کارگێڕیش کاریگەریی لەسەر تیپەکە دروستکردووە، بەڵام لە دوو گەڕی یەکەم بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوت و دوو بردنەوەی لەسەریەکی لە خولەکەدا تۆمارکردووە و لە دوو گەڕی رابردوودا، جگە لە بارسا و سێلتا ڤیگۆ هیچ یانەیەکی دیکە ئەوەی نەکردووە.
 
بارسێلۆنا لە دوایین سێ سەردانیدا بۆ یاریگەی تێرێسا ریڤێرۆ هیچ یارییەکی نەبردووەتەوە و دووجار دۆڕاوە، هانزێ دەیەوێت کۆتایی بە چاوەڕوانیی هاندەرانی یانەکە بهێنێت و گرێی یانە مەدریدییەکە لە یاریگەی خۆیدا بکاتەوە، لەکاتێکدا دوایینجار کە بارسا لە یاریگەی رایۆ ڤاییکانۆدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا، لە قۆناخی شازدەی جامی شای ئیسپانیا بوو لە 2021 و ئەو کاتە مێسی هێشتا یاریزانی بلاوگرانا بوو و گۆڵێکی لە یارییەکەدا تۆمارکرد.
 
بارسا ناوی دانی ئۆلمۆی بەشێوەیەکی کاتی لە شوێنی ئاندریاس کریستێنسن تۆمارکردووە کە تووشی پێکانبووە و ئەمڕۆ چاوەڕواندەکرێت چاوەڕوانی ئەو یاریزانەش بۆ دەرکەوتن بە درێسی یانەکەوە کۆتایی بێت.
 
لە بەرامبەردا یانەی رایۆ ڤایکانۆ، هەمیشە لە یاریگەی خۆیدا بەباشی دەردەکەوێت و لە دوو گەڕی سەرەتای وەرزی نوێشدا نەدۆڕاوە، ئەمڕۆ پشت بە هاندەرانی دەبەستێت بۆ ئەوەی درێژە بە دەستپێکە باشەکەی بدات لە خولەکەدا.
 
ئینیگۆ پێرێزی 36 ساڵ بۆ ئەم وەرزە راهێنەرایەتی رایۆ دەکات، پێکهاتەیەکی تارادەیەکی لاوی لەبەردەستە و دەیەوێت ئەنجامەکانی یانەکە لە وەرزی رابردوو باشتربن، لەکاتێکدا لە دوایین گەڕەکاندا مانەوەی لە خولەکەدا مسۆگەر کرد، بۆ ئەوەش یانەکە گرێبەستی لەگەڵ خامێس رۆدریگێز، ئەستێرەی کۆڵۆمبی واژۆکردووە، بەڵام ئەمشەو یاری ناکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە