ڤیدیۆ؛ بارسێلۆنا لە لاسیرامیکادا تاقیکردنەوەیەکی قورسی هەیە

27-08-2023
ئیحسان تاهیر
ڤیاریال - بارسێلۆنا 18:30
ڤیاریال - بارسێلۆنا 18:30
نیشانەکردن بارسێلۆنا ڤیاریال
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە هەفتەی سێیەمی لالیگادا، تیپێک کە بە شکست دەستیپێکرد و دواتر بردنەوەی بەدەستهێنا، بەرامبەر تیپێک یارییدەکات کە بە تاڵاوی یەکسانبوون خولەکەی دەستپێکرد و بەبردنەوە کۆتایی بەهەفتەی دووەمی هێنا، ئەوە یاریی نێوان ڤیاریال و بارسێلۆنا دەبێت.
 
ڤیاریال گەرچی لە ساڵانی نزیکی رابردوودا یەکێکبووە لە تیپە بەهێز و کاریگەر دەرکەوتووەکانی لالیگا، بەڵام وەرزی ئەمساڵی بە شکست بەرامبەر ریال بیتێس دەستپێکرد، بەرلەوەی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە ریال مایۆرکا بباتەوە. ئەمشەو تاقیکردنەوەکە بۆ ڤیاریال ئاسان نییە، چونکە ئەو تیپە وەکئەوەی دۆخی لێگۆڕابێت، لە ساڵانی رابردوودا بەرامبەر بارسێلۆنا، ئەنجامەکانی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی باشتر بووە لە نێو یاریگە خۆی.
 
ڤیاریال ئەمساڵیش لە بازاڕی گواستنەوەدا هەر بەو تیپە مایەوە کە دەکرێ پێشکێشکەری یاریزانە باشەکان بێت بۆ یانە و تیپەکانی دیکە و خۆیشی بە رکابەریکردن لەسەر پلەکانی چوارەم تاوەکو ناوەڕاستی ریزبەندییەکە رازی بێت. فیاریال لە هاویندا یەکێک لە کاریگەرترین یاریزانەکانی وەرزی رابردووی خۆی لە بەرژەوەندیی یانەی میلانی ئیتاڵی لەدەستدا کە سانوێل چوکویزییە.
 
گەرچی هاندەرانی ئەو یانەیە هیواخوازن هەموو گرێکوێرەکانی یانەکە لەسەردەستی کیکی سیتێینی راهێنەر بەرامبەر بارسێلۆنا بکرێتەوە، بەڵام ئەو ئومێدخواستنە بەم پێکهاتەیەی ئێستای یانەکەوە، لە خەیاڵێک زیاتر نابینرێ.
 
بارسێلۆنا لە یارییەکەی ئەمشەودا لە تواناکانی رۆناڵد ئاراوخۆی بەرگریکەر و پێدری ناوەراستکار بێبەش دەبێت، جیا لەوەش هێشتا سزای راگرتنی چاڤی هێرناندێزی راهێنەر و رافینیای هێرشبەر کۆتاییان نەهاتووە، ئەمە خاڵێک بۆ کەتەلۆنییەکان مایەی ترس و بۆ هاندەرانی ڤیاریال مایەی دڵخۆشییە.
 
میدیای کەتەلۆنیا دەڵێن، چاڤی پێکهاتەی تیپەکەی لەسەر بنەمای یارییکردنی گابی لە ناوەڕاستی یاریگە لەگەڵ گوندۆگان، رۆمیۆ و فرەنکی دی یۆنگ دادەڕێژێت و فیران تۆریس لەپاڵ لیڤاندۆڤسکیدا دەبێت لە هێڵی هێرشبەری تیپەکە.
 
لیڤاندۆڤسکی لای خۆیەوە لە یارییەکەی ئەمشەودا بەدوای کردنەوەی گرێکوێرەی گۆڵ تۆمارنەکردن لە دوو یاریی یەکەمی تیپەکەیدا دەگەڕێت، کە ئەوەیان دۆخێکە و بۆ هێرشبەرە پۆڵەندییەکە، رووداوێکە دەگمەن لە ژیانیدا روویداوە.
 
بارسێلۆنا وەک هەموو یانەکانی دیکەی ئەوروپا لە دوا رۆژەکانی بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان نزیکدەبێتەوە و تاوەکو ئێستا یانەکە لانیکەمی داخوازییەکانی چاڤی هێرناندێزی لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا بەجێهێناوە و ئەو تەنیا پێنج رۆژەی ماون، ئومێدێکی ئەوتۆیان تێدا نییە تاوەکو بارسا کەموکوڕییەکانی خۆی پڕ بکاتەوە، لە کاتێکدا دۆخی دارایی یانەکە، هیچ بەرەوپێشچوونێکی بەدەستنەهێناوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە