لێدوانی یاریزان و راهێنەران.. بێلینگهام دڵخۆشە بە تۆمارکردنی یەکەم گۆڵی بۆ ریال مەدرید

27-07-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کارلۆ ئەنچێلۆتی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە یارییەکی دۆستانەدا، کە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڕێوەچوو، ریال مەدریدی ئیسپانی بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لە مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی بردەوە. دوای یارییەکە راهێنەرانی هەردوو یانە و جود بێلینگهامی یاریزانی نوێی ریال مەدرید قسەیان بۆ رۆژنامەڤانان کرد.
 
ئەمە پوختەی قسەکانیانە:
 
کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید:
 
پێموایە دۆخەکە بەباشی بەڕێوەدەچێت، وەک ئەوەیە کە چاوەڕێمان دەکرد، پێموایە ڤینیسیۆس بەباشی خۆی دەگونجێنێت، حەزی لەوەیە کەمێک زیاتر لە ناوەوە یاری بکات، پێموایە هەندێکجار دەبێت لە دەرەوە یاری بکات، چونکە لە دەرەوە زۆر بەهێزە. بەڵام جێگیرکردنی رۆدریگۆ و ڤینیسیۆس مەترسییەکی زۆر دروست دەکات کاتێک تۆپەکە بەدەستدێنین، چونکە بەدەستهێنانەوەی تۆپ بەسە، ئەوان زۆر خێران. پاشان لە قۆناخی راگوزەریدا دەتوانین رێک بەمشێوەیە یاری بکەین و هەروەها کۆنتڕۆڵکردنی تۆپەکەش ئاسانکاری زیاتر دەکات بۆ بەرزکردنەوەی کوالێتی تیپەکەمان. ئەمڕۆ لە بەرگریدا بێلینگهام زیاتر لە هێڵی ناوەڕاستدا بوو.
 
جود بێلینگهام، یاریزانی ریال مەدرید:
 
نەمدەزانی ئەوەندە چێژبەخش دەبێت، لە راستیدا هەموو رۆژێک لە مەشق و راهێنانەکان و دەرەوەی یاریگەدا کاتێکی زۆر خۆش بەسەردەبەم، یاریزانەکان زۆر نایابن، ئەوان رێنماییم دەکەن، دەزانن کە من گەنجم و منیش سوود لە هەموویان وەردەگرم. گرنگی پێبدەم و زۆر شت لە هەموو یاریزانەکان فێردەبم، وەک ئەوەی لە چەندین لێدواندا گوتوومە، لەخۆبایی نابم، تەنیا هەوڵدەدەم رۆژ بە رۆژ چێژ وەربگرم و لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزدا ریتمێک دروست بکەم کاتێک یارییە راستەقینەکان دەست پێدەکەن. زۆر سەرنجڕاکێشە لەگەڵ ئەم کۆمەڵەیەدا بیت، ئێستا دەزانم گرنگە بۆ وەرزێکی درێژ بەردەوام بم.
 
ئێریک تێن هاگ، راهێنەری مانچێستەر یونایتد:
 
بێگومان ریال مەدرید تیپێکی زۆر باشە، شوێنێکی باشە بۆ تۆپی پێ، من دەڵێم چەند هەلێکی زۆر باشمان دروستکرد و پێموایە دەبووایە باشتر بین لە کۆتاییهێنان بەو هەلانە و دەبووایە بیانکەین بە گۆڵ. پێموایە دوو هەلی گۆڵمان هەبوو، سێ، چوار هەلی باشمان هەبوو، بەداخەوە کە ئەوەمان نەکرد، بەڵام تا دوایین خولەک لە یارییەکەدا ماینەوە ئینجا گۆڵی دووەممان لێکرا. لە هەموو رووییەکەوە هەندێک شتی باشم بینی. پێویستیمان بە بەوەیە لەگەڵ تیپێکی زەحمەت و بەرامبەر سیستێمێکی ئاڵۆز یاری بکەین.  بەڵێ من دڵخۆش بووم بە یارییەکە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە