ریال مەدرید ترساوە.. ئێمباپێ لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا و میری قەتەر کۆدەبێتەوە

27-02-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ ئیمانوێل ماکرۆن تەمیم بن حەمەد ئەلسانی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کیلیان ئیمباپێ، ئەستێرەی هەڵبژاردەی فەرەنسا و یانەی پاریس سانجێرمان، ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆککۆماری فەرەنسا و میری قەتەر لە کۆشکی ئیلیزێ لە پاریس کۆدەبێتەوە. ئەمەش ترسی لای بەرپرسان و هاندەرانی ریال مەدرید دروستکردووە.
 
بەگوێرەی میدیاکانی فەرەنسا، کیلیان ئێمباپێ یەکێک دەبێت لە بانگهێشتکراوەکان بۆ خوانێکی رێزلێنان، کە ئەمڕۆ لەلایەن ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا بۆ پێشوازیکردن لە تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر رێکدەخات.
 
رۆژنامەی لۆ پاریسیانی فەرەنسی رایگەیاندووە، چەند رۆژێک دوای ئەوەی هێرشبەرە فەرەنسییەکە نیازی جێهێشتنی تیپە پاریسییەکەی راگەیاند، و میدیاکان ئاشکرایانکرد کە دانوستاندنەکان لە نێوان خۆی و ریال مەدرید دەستیپێکردووە، ئێمباپێ بۆ جاری یەکەم دوای ئەوەی وەک پاڵەوانی جیهانی 2018 لە رووسیا سەردانی کۆشکی ئیلیزێی کرد، ئەمڕۆ دەگەڕێتەوە کۆشکی سەرۆکایەتی فەرەنسا و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای یانەکەی کۆدەبێتەوە، کە بێگومان ماکرۆن و تەمیم بن حەمەدیش لەوێ دەبن.
 
رۆژنامە فەرەنسییەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ناسر خلێفی قەتەری، سەرۆکی پاریس سانجێرمان ئامادەی خوانەکە دەبێت.
 
لۆ پاریسیان هەروەها دووپاتیکردەوە کە بەشێک لە ئەندامانی دەستەی کارگێڕیی یانەکەی فەرەنساش بانگهێشت دەکرێن بۆ ئەم ئێوارەخوانە.
 
ئەمە یەکەمجار نابێت کە ئێمباپێ لەگەڵ سەرکردەی وڵاتێک لەسەر یەک مێز دابنیشێت، چونکە لە شوباتی 2018 لەلایەن ماکرۆنەوە بانگهێشتی نیوەڕۆخوانێک کرابوو بۆ نانخواردنی نیوەڕۆ لەگەڵ سەرۆکی لیبێریا، جۆرج ویای ئەفسانەی پێشووی پاریس سانجێرمان.
 
ئەگەرچی هەندێک لە سەرچاوەکان، باس لەوە دەکەن کە ئەم کۆبوونەوەیە ترسێکی لای بەرپرسان و هاندەرانی یانەی ریال مەدرید دروستکردووە، و لەوە دەترسێن جارێکی دیکە سەرۆکی فەرەنسا و میری قەتەر بتوانن ئێمباپێ پاشگەز بکەنەوە لە رۆیشتن لە پاریس و بە گرێبەستێکی دیکەی گەورە رازی بکەن لە پاریس بمێنێتەوە، بەڵام رۆژنامەی مارکای ئیسپانی، کە نزیکە لە ریال مەدرید، رایگەیاندووە، ئەمجارە سەرۆکی فەرەنسا و میری قەتەر هەرگیز ناتوانن ئێمباپێ لە چوونە ریزەکانی ریال مەدرید پاشگەز ببنەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە