رووداو دیجیتاڵ
پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی بەنیازە شۆڕشێکی گەورە لە تیپەکەیدا بکات و وەشانێکی نوێ پێشکەشی هاندەرانی یانەکە بکات.
مانچێستەر سیتی لە بارودۆخێکی زۆر خراپدا تێدەپەڕێت و لە دوا 12 یارییدا لە سەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا 9 جار تووشی دۆڕان بووە، دوایینیان دۆڕان بوو بە ئاستۆن ڤێلا بەئەنجامی 1-2.
بە دۆڕان ئاستۆن ڤێلا پێش مانچێستەر سیتی کەوت و بە کۆکردنەوەی 28 خاڵ پلەی پێنجەمی ریزبەندیی خولەکەی بەدەستهێنا، مانچێستەر سیتی بەشێوەیەکی کاتی بۆ پلەی شەشەم دابەزی، کە لەوانەیە تاوەکو کۆتایی یارییەکانی قۆناخەکە بۆ پلەی نۆیەم دابەزێت.
دابەزینی ئاستی ئاستی سیتی بووە هۆی لەدەستدانی 24 خاڵ لە خولەکەدا پێش ئەوەی تەنانەت بگاتە نیوەی وەرز، لە کاتێکدا بەدرێژایی وەرزی رابردوو تەنیا 23 خاڵی بەفیڕۆدا.
شۆڕشێک بەڕێوەیە
هەندێک سەرچاوەی میدیایی ئاشکرایانکردووە، گواردیۆلا پلانێکی داڕشتنەوەی گەورەی لە یانەی مانچێستەر سیتی لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا هەیە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێستا راهێنەری ئیسپانی کار لەسەر پلانەکەی دەکات، کە بریتی دەبێت لە "گۆڕانکارییەکی گەورە لە تیپەکەدا لە ماوەی دوو ساڵی مانەوەی گرێبەستەکەیدا".
ئاماژەی بەوەشکردووە، پێپ نایەوێت خۆی لە پشت ئەنجامە خراپەکانەوە بشارێتەوە و بڕوات، و پێداگری دەکات لەسەر مانەوە و جارێکی دیکە گەڕانەوەی تیپەکە بۆ سەر رێگای راست.
هەندێک لە کەسانی نزیک لە گواردیۆلا ئاسکرایانکردووە کە راهێنەری سیتی سەرنجی لەسەر "ئامادەکردنی وەشانێکی تەواو نوێ"ـی تیپەکەیە.
ئەو سەرچاوانە دەشڵێن "گواردیۆلا ئامانجی ئەوەیە بەم پلانە لەسەر سەرکەوتنی یانەکە بنیات بنێت و دڵنیابێت لە باڵادەستی بەردەوامی لە ئاستی ناوخۆیی و لە ئەوروپادا".
زۆر لە چاودێران متمانەی تەواویان بە گواردیۆلا هەیە کە دەتوانێت ئەم دۆخە خراپە تێپەڕێنێت و جارێکی دیکە مانچێستەر سیتی وەک جاران دەکاتەوە تیپە ترسێنەرەکەی سەر ئاستی ئینگلتەرا و ئەورووپا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ