راتکلیف دەیەوێت بە دەرکردنی تێن هاگ کارەکانی لە مان یونایتد دەستپێبکات

25-12-2023
ئاسوودە پێشەوا
نیشانەکردن پڕێمەرلیگ مانچێستەر یونایتد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سێر جیم راتکلیف، ملیاردێری بەریتانی کە ٪25 پشکەکانی یانەی مانچێستەر یونایتدی کڕی، دەیەوێت شۆڕش لە یانەکەدا بەرپا بکات و گۆڕانکاری ریشەیی تێدا بکات. 
 
راتکلیف بە بڕی 1.3 ملیار پاوەند بووە خاوەنی ٪25 پشکەکانی رێدزە و وەک سەرپەرشتیاری یانەکە بۆ بابەتی پەیوەندیدار بە تۆپی پێوە دەست بەکاردەبێت، یەکەم کاریشی لەگەڵ یانەکە تەرخانکردنی 300 ملیۆن دۆلارە بۆ نۆژەرنکردەوەی یاریگەی ئۆڵدترافۆرد کە بە بارودۆخێکی خراپدا تێپەڕ دەبێت و یاریگەکە بە شێوەیەک کۆنە کە بەشێک لە بنمیچەکەی شکاوە و لە کاتی بارانباریندا ئاو پێیدا دێتە نێو یاریگەکە. 
 
پێناچێت نۆژەنکردنەوەی ئۆڵدترافۆرد تاکە کار بێت کە راتکلیف بیەوێت بیکات، بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی سەن، ملیاردێرە بەریتانییەکە دەیەوێت گۆڕانکاری ریشەیی لە مانچێستەر یونایتد بکات و بیر لەوە دەکاتەوە بە دەرکردنی ئێریک تێن هاگی راهێنەری یانەکە دەستپێبکات، هەروەها دەیەوێت پێنج یاریزانی پێکهاتەکە بفرۆشێت و بە زووترین کات دووریان بخاتەوە. 
 
بەپێی میدیاکان، ئەو پێنج یاریزانەی راتکلیف دەیەوێت دووریان بخاتەوە ئەمانەن:
 
کاسێمیرۆ
 
ئەستێرەکەی پێشووی ریال مەدرید لە مانگی 10ـی ئەمساڵدا تووشی پێکان بووە و تاوەکو ئێستا نەگەڕاوەتەوە، جگە لە پێکانەکەشی، یاریزانەکە بەشێوەیەکی بەرچاو ئاستی دابەزیوە و تەنانەت بەشێکی هاندەرانی مانچێستەر یونایتد داوا دەکەن کۆبی ماینۆ، ناوەڕاستکاری تەمەن 18 ساڵی یانەکە جێگەی بگرێتەوە، سەرەڕای ئەمانەش کاسێمیرۆ مووچەیەکی زەبەلاح لە مانچێستەر یونایتد وەردەگرێت و مووچەی هەفتانەی 350 هەزار پاوەندە، ئەمەش ئەگەری ئەوە زیاتر دەکات کە یاریزانە بەرازیلییەکە یەکێک بێت لەو ئەستێرانەی کە لەلایەن راتکلیفەوە بەڕێبکرێن.
 

 

ئانتۆنی 
 
ئەستێرە بەرازیلییەکە دووەم گرانترین گرێبەستی مێژووی مانچێستەر یونایتدە و بە بڕی 95 ملیۆن یۆرۆ هاتووەتە یانەکە، گرێبەستی ئانتۆنی بە یەكێک لە خراپترین گرێبەستەکانی مێژووی مانچێستەر یونایتد دادەنرێت و وایکردووە کە ئێریک تێن هاگی راهێنەر رووبەڕووی رەخنەیەکی زۆر ببێتەوە بەتایبەتی کە لەم وەرزەدا یاریزانەکە لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا بەشداری لە 19 یارییدا کردووە و هیچ گۆڵ و ئاسیستێکی نییە، بۆیە پێشبینی دەکرێت شانبەشانی کاسیمیرۆی هاونیشتیمانی لە یانەکە دووربخرێنەوە و بفرۆشرێن. 
 

 

 سانچۆ 
 
سانچۆ لەو کاتەوەی پەیوەندی بە مانچێستەر یونایتدەوە کردووە، هاندەرانی یانەکەی بێهیوا کردووە و نەیتوانیوە ئەو ئاستە پێشکێش بکات کە لێی چاوەڕێ دەکرا، دوای دۆڕانی مانچێستەر یونایتد بەرامبەر ئارسیناڵ لە مانگی نۆی ئەمساڵدا، ئێریک تێن هاگ هۆکاری بەشداری پێنەکردنی سانچۆی لە یارییەکەدا بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە یاریزانەکە بەباشی بەشداری لە مەشقەکاندا ناکات، سانچۆش وەڵامی دایەوە و گوتی "تکایە باوەڕە بە هەموو شتێک مەکەن کە دەیخوێننەوە، رێگەنادەم کەس لەبارەی منەوە قسەی ناڕاست بکات"، دواتر سانچۆ رەتیکردەوە داوای لێبوردن لە تێن هاگ بکات و راهێنەرەکەش لەو کاتەوە لە پێکهاتەی یانەکەی دووریخستووەتەوە و لە هیچ یارییەکدا بەشداری پێنەکردووە، ئەمەش پێدەچێت وا لە راتکلیف بکات سانچۆ وەک یاریزانێکی سەر بە کێشە سەیر بکات و بیەوێت بیفرۆشێت. 
 

رافایێل ڤاران
 
ڤاران وەک یاریزانێکی سەرەکی پێکهاتەکەی تێن هاگ دەستی بەم وەرزە کرد، ئەمەش لای کەس جێگەی سەرسوڕمان نەبوو بە تایبەتی دوای ئەو ئاستەی وەرزی رابردووی یاریزانەکە کە رۆڵێکی سەرەکی گێڕا لەوەی یانەکەی پلەی سێیەمی پرێمەرلیگ بەدەستبهێنیت، بەڵام دواتر لە مانگی نۆی ئەمساڵدا تووشی پێکان بوو و بەو هۆیەوە لە سێ یاریی یانەکەی دوورکەوتەوە، دوای گەڕانەوەی لە پێکان، تێن هاگ ئەستێرە فەرەنسییەکەی خستە سەر کورسی یەدەگ و لە ماوەی دوو مانگدا لە پرێمەرلیگ تەنیا 18 خولەک بەشداری پێکرا، بۆیە پێدەچێت ڤاران لە یانەکە دڵخۆش نەبێت و لە داهاتوودا لە یانەیەکی دیکەدا درێژە بە کاروانە وەرزشییە ناوازەکەی بدات. 
 

ئاندرێ ئۆنانا
 
ئۆنانا یەکێکی دیکەیە لەو گرێبەستانەی کە لە سەردەمی تێن هاگدا ئەنجامدراون و بە ئاستە خراپەکەی هاندەرانی یانەکە بێهیوا کردووە، گۆڵپارێزە کامیرۆنییەکە زۆر هەڵەی زەقی ئەنجامداوە و لە بەشێکی یارییەکاندا هۆکاری سەرەکی دۆڕانی مانچێستەر یونایتد بووە، بەپێی هەواڵەکان ئۆنانا لە گواستنەوەی زستانەدا یانەکە جێناهێڵێت، بەڵام ئەگەر لەو هەڵانەی ئێستای بەردەوام بێت راتکلیف دەیخاتە لیستی ئەو یاریزانانەی داهاتوویان لە مانچێستەر یونایتد نابێت. 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە