سەرۆکی فیفا: مۆندیالی خانمان 2 ملیار بینەری دەبێت

25-07-2023
سه‌فین ته‌ها @safintaha
نیشانەکردن جیانی ئینفانتینۆ مۆندیالی خانمان 2023
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا، سوپاسی هەردوو وڵاتی میوانداری مۆندیالی خانمان، ئوسترالیا و نیوزیلەندا دەکات بۆ ئەو میواندارییە جوانەی کردوویانە، کە بە قسەی خۆی هەر لە ئێستاوە ئەو مۆندیالە سەرکەوتنی بەدەستهێناوە. دەشڵێت "بە دڵنیاییەوە ئمە گەورەترین مۆندیالی خانمانە تاوەکو ئێستا".
 
مۆندیالی خانمان ئێستا یارییەکانی لە هەردوو وڵاتی ئوسترالیا و نیوزیلەندا بەڕێوەدەچن، کە رێکخستنی پاڵەوانێتییەکە زۆر سەرنجڕاکێشە و هاندەرانێکی زۆر ئامادەی نێو یاریگەکان دەبن بۆ بینینی یارییەکانی مۆندیال.
 
جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا، لەبارەی ئەو مۆندیالەوە قسەی بۆ میدیاکان کرد و گوتی "بەڵێ، بەڕاستی حەز دەکەم سوپاسێکی زۆر، زۆر زۆر - دەرببڕم بۆ نیوزلەندا و بۆ ئوسترالیا کە لێرە میواندارییان کردین. زۆرجار دەڵێین تۆپی پێ جیهان یەکدەخات. نیوزلەندا و ئوسترالیا جیهان یەکدەخەن 'لە ژێرەوە'، لە بەشی خوارەوەی گۆی زەوی، ئەوان پێشوازی لە هەموومان دەکەن - هەموو تاکە کەسێک - خۆبەخشەکان، ئەفسەرانی پۆلیس، هەموو کارمەندەکان، هەموو کەسێک کە بە جۆرێک پەیوەندی بە مۆندیالەوە هەیە، وە لە لای منەوە، لە فیفا، پێشوازی لە هەموو ئەو هاندەرانەی کە لە هەموو جیهانەوە دێنە ئێرە دەکەین، سوپاسێکی گەورە و گەورە بۆ نیوزلەندا و سوپاسێکی گەورە و گەورە بۆ ئوسترالیا".
 
ئەو زیاتر گوتی "باوەڕپێنەکراوە. دوای یەکەم رۆژی یارییەکان، دەتوانین لە ئێستاوە بڵێین کە بە دڵنیاییەوە ئەمە گەورەترین مۆندیالی ئافرەتانی فیفایە تا ئێستا". 
 
سەرۆکی فیفا، لە بەردەوامی قسەکانیدا، گوتی "ئێمە رۆژی یەکەممان هەبوو کە سەرسوڕهێنەر بوو، زیاتر لە 115 هەزار بینەر لە نیوزلەندا و لە ئوسترالیا. لە نیوزلەندا، زۆرترین ئامادەبوونی هاندەر تاوەکو ئێستا بۆ یارییەکی تۆپی پێ، ژن و پیاو تۆمارکرا. لە ئوسترالیا، زۆرترین ئامادەبوون لە یارییەکی مۆندیال لە 24 ساڵدا تۆمارکرا، ئێمە زیاتر لە ملیۆنێک و نیو بلیتمان فرۆشتووە، ئامانجی زۆر گەورەمان بوو؛ ئێمە ئەوەمان تێپەڕاند". 
 
هەروەها گوتیشی "ئێمە ژمارەیەکی باوەڕپێنەکراو بینەرمان هەیە لە سەرانسەری جیهان کە بە دڵنیاییەوە دەگاتە دوو ملیار بینەر. ئەوە خەیاڵییە، ئێمە فێستیڤاڵێکی هاندەرانمان هەیە لەگەڵ زیاتر لە 120.000 کەس کە بەشدارییان کردووە، بەڵام نەک تەنیا لە یاریگە سەرەکییەکان و شارە سەرەکییەکان، لە هەموو شارە میواندارەکاندا کەشێکی نایاب هەیە، خۆشیی هەیە، سویسرا بەرامبەر فلیپین لە شاری دونێدین، کە لەوپەڕی باشوورە، تا ئێستا یارییەکی مۆندیال تێیدا ئەنجامدراوە، و 14 هەزار بۆ 15 هەزار کەس لە کەشێکی وەکو جەژندا ئامادەی ئەو یارییە بوون".
 
ئینفانتینۆ لە کۆتایی قسەکانیدا، گوتی "من پیاوێکی دڵخۆشم و سەدان هەزار پیاو و ژن و کچ و کوڕی دڵخۆش هەن کە دێنە یارییەکان و ملیۆنان و ملیۆنان لە ماڵەوە سەیری دەکەن. کەواتە سەرکەوتنێکی گەورەیە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە