رووداو دیجیتاڵ
یانەی نەسڕ چاوی لە بردنەوەی هەشتەم یاریی لەسەریەک یەکدییە و دەیەوێت درێژە بە رکابەریکردنی یانەی هیلالی پێشەنگ بدات، کاتێک لە رکابەرییەکانی خولی سعودیەدا بەرامبەر یانەی شەباب یاریی دەکات.
یارییەکە ئەمشەو کاژێر 20:00 لە رکابەرییەکانی گەڕی 21ـی خولی سعودی لەسەر یاریگەی ئەمیر خالد بن سوڵتان بەڕێوەدەچێت، نەسڕ سەرەڕای ئەوەی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی یاریی دەکات، دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات بۆ ئەوەی لە رکابەریکردنی یانەی هیلال بەردەوامبێت.
نەسڕ لە دوایین 7 یارییدا بەرامبەر یانەی شەباب هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، بەڵام خاوەن یاریگە دوای گواستنەوەی ئیڤان راکیتیچ دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی کۆتایی بە سەرکەوتنەکانی نەسڕ بهێنێت و سێ خاڵی یارییەکە بباتەوە.
بەر لەم یارییە یانەی نەسڕ لە پلەی دووەمی ریزبەندی خولی سعودیە و خاوەنی 49 خاڵە، 8 یارییە لەسەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا یانەکە نەدۆڕاوە، یانەی شەباب لە پلەی دەیەمی ریزبەندە بە کۆکردنەوەی 24 خاڵ.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەم وەرزەدا بە ئاستێکی بەرزەوە دەردەکەوێت، یاریزانەکە 21 گۆڵی لە 20 گەڕی رابردووی خولەکەدا تۆمارکردووە و دەیەوێت ئەمشەو درێژە بە ئاستە بەرزەکەی بدات و یانەکەی زیاتر لە یانەی هیلالی پێشەنگی ریزبەندی خولەکە نزیکبکاتەوە.
کریستیانۆ لەو کاتەوەی پەیوەندیی بە ریزەکانی یانەی نەسڕەوە کردووە 4 گۆڵی بەرامبەر یانەی شەباب تۆمارکردووە و ئەوە یەکێک لەو یانانەی کە رۆناڵدۆ لەسەر ئاستی سعودیە زۆرترین گۆڵی بەرامبەر کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ