رووداو دیجیتاڵ
ئیدن هازارد، یاریزانی پێشووی یانەکانی چێڵسی و ریال مەدرید، دوای 11 ساڵ چاوی بەو منداڵە تۆپ هێنەرەوەیە دەکەوێتەوە کە بووە هۆی ئەوەی کارتی سوور وەربگرێت و بۆ ماوەی سێ یاری سڕ بکرێت.
لە ساڵی 2013 لە یاریی کۆتایی جامی خولی ئینگلتەرا، یانەی چێڵسی رووبەڕووی سوانزی سیتی بووەوە. یاریی رۆشتن بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لەبەرژەوەندی سوانزی سیتی کۆتایی هات. لە یاریی گەڕانەوەدا چێڵسی بەدوای یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکەدا دەگەڕا، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو و تاوەکو خولەکەکانی کۆتایی هیچ لایەکیان نەیانتوانی گۆڵ تۆماربکەن.
لە خولەکی 80ـی یارییەکەدا، تۆپەکە دەچێتە دەرەەوەی یاریگە و هەڵدانی لا بۆ چێڵسی هەژماردەکرێت، چارلی مۆرگانی تۆپ هێنەرەوەش تۆپەکە هەڵدەگرێت، هازارد بەرەوڕووی دەڕوات و دەیەوێت تۆپەکەی لێوەرگرێت بۆ ئەوەی بە خێرایی هەڵدانەکە جێبەجێ بکات و دەست بە یارییەکە بکاتەوە، بەڵام مۆرگان تۆپەکەی پێنادات و دەستی بەسەردا دەگرێت.
ئەستێرەکەی پێشووی چێڵسی هەوڵ دەدات تۆپەکەی لێوەرگرێت، بەڵام مۆرگان لەو کاتەدا بەردەبێتەوە و تۆپەکە لای خۆی دەهێڵێتەوە. دواتر هازارد هەوڵ دەدات شەق لە تۆپەکە بدات بۆ ئەوەی لێیوەربگرێت، بەڵام لەو کاتەدا پێدەچێت قاچی بەر کوڕە تۆپ هێنەرەوەکە کەوتبێت کە دواتر دەستی لەسەر زگی دانابوو و پێدەچوو ئازاری پێگەشتبێت.
ناوبژیوانی یارییەکە کاتێک ئەوە دەبینێت، راستەوخۆ کارتی سوور بە هازارد دەدات، دواتر ئەستێرە بەلجیکییەکە بۆ ماوەی سێ یاریش سڕ کرا.
دوای ئەو رووداوە هازارد داوای لێبوردنی کرد و کێشەکە چارەسەرکرا. دوێنێ هازارد جارێکی دیکە چاوی بە مۆرگان کەوتەوە، وێنەیەکی لەگەڵدا بڵاوکردەوە و گوتی "یەکێک لە شتە خۆشەکانی خانەنشینبوون بینینەوەی هاوڕێ کۆنەکانتە. لە ماوەی 11 ساڵدا رێگەیەکی درێژت بڕیوە هاوڕێکەم."
مۆرگان کە لە رابردوودا تۆپ هێنەرەوە بوو، لە ساڵی 2016 کۆمپانیای 'ئەی یو ڤۆدکا'ی دامەزراند و ئێستا سامانەکەی بە زیاتر لە 40 ملیۆن پاوەند دەخەمڵێنرێت، ئیدن هازاردیش دوای پێکانە یەک لە دوای یەکەکانی، ساڵی رابردوو وازهێنانی لە یاریکردن راگەیاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ