ئێندریک باشترین هێرشبەری جیهان دەستنیشاندەکات

24-12-2023
ئاسوودە پێشەوا
نیشانەکردن ئێندریک ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئێندریک، یاریزانی نوێی یانەی ریال مەدرید لە هەڤپەیڤینێکدا باسی چەندین بابەتی گرنگ دەکات و باشترین هێرشبەرەکانی جیهان دیاریدەکات. 
 
یاریزانە بەرازیلییەکە ساڵی داهاتوو کاتێك تەمەنی دەبێتە 18 ساڵ بە بڕی 60 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە دەکات، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی مارکا ئێندریك باس لە پەیوەندیکردن بە یانەی شاهانەوە دەکات و دەڵێت "بەرپرسیارێتییەکی گەورە دەبێت و ئاڵنگارییەکی نایاب دەبێت. من زۆر بەپەرۆشم بۆ ئەوەی درێسی ریال مەدرید بپۆشم و لەگەڵ هاندەراندا چێژ وەربگرم، ئەوە خەونی منداڵیی منە". 
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی رەگەزپەرستی لە لالیگادا، ئێندریك دەڵێت "من تووشی رەگەزپەرستی بوومەتەوە. بەڵام گرنگی پێنادەم و هەتا ئەوان زیاتر وابکەن من زیاتر بەڕوویاندا پێدەکەنم، ئەوکات ئەوان زیاتر تووڕە دەبن. من شانبەشانی ڤینیسیۆس و رۆدریگۆ لە دژی رەگەزپەرستی دەجەنگم".
 
دواتر ئەستێرە بەرازیلییەکە کامڵترین هێرشبەری جیهان دەستنیشاندەکات و دەڵێت "کەریم بنزێما هەموو تایبەتمەندییەکی هێرشبەرێکی کامڵی هەیە، ئەو بەشێوازێکی نایاب لە یاری تێدەگات و لە هەموو روویەکەوە یاریزانێکی ناوازەیە، ئێرلینگ هالاند و هاری کەین بە هەمانشێوە خاوەنی کواڵێتی ناوازەن و هێرشبەری نایابن".
 
پێش ئەوەی لەگەڵ ریال مەدرید رێکبکەوێت، ئێندریک لەلایەن یانەی بارسێلۆناوە گرنگی پێدەدرا و لە ماوەی رابردوودا لویس سوارێز، ئەفسانەی پێشووی یانە کەتەلۆنییەکە رایگەیاند کە ئارەزووی دەکرد یاریزانە بەرازیلییەکە پەیوەندی بە بارساوە کردبایە، لەو بارەیەوە ئێندریک دەڵێت "زۆر یاریی سوارێزم لەگەڵ بارسا بینیوە، من گۆڵەکەی ئەوم بەرامبەر پاریس سانجێرمان بیرە کاتێك بە شێوازێكی جوان تیاگۆ سیلڤا و داڤید لویز دەبڕێت و گۆڵ دەکات، من زۆر شت لەو فێربوومە و ئەو زۆر خزمەتی تۆپی پێی بەرازیلی کردووە".
 
لە کۆتایی قسەکانیدا ئێندرێک دەڵێت "هیوادارم بتوانم کاتێکی نایاب لەگەڵ ریال مەدرید بەسەربەرم، ئەوە خەونی من و هەموو منداڵێکە و زۆر دڵخۆش دەبم لەوێ یاری بکەم".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە