رووداو دیجیتاڵ
یاریزانێكی پێشووی یانەی مانچێستەر یونایتد، لەم وەرزەی پرێمەرلیگدا هێندەی هێڵی هێرشبردنی یانەکەی پێشووی گۆڵی تۆمارکردووە.
ئانتۆنی ئیلانگا، یاریزانی سوێدی و ئەستێرەی یانەی نۆتینگهام فۆرێست، لە مانگی 5ـی ساڵی 2021 یەکەمین یاریی خۆی بە درێسی مانچێستەر یونایتد لە ژێر راهێنەرایەتی ئۆلی گونار سۆڵشایەر ئەنجامدا و دواتریش کاتێك راڵف راگنیک بووە راهێنەری یانە ئینگلیزییەکە، ئیلانگا زیاتر درەوشایەوە و لە بەشێکی یارییەکاندا وەک یاریزانێکی سەرەکی یانەکە پشتی پێدەبەسترا، بەڵام کاتێك وەرزی رابردوو ئێریك تێن هاگ وەك راهێنەری یانەکە دەستنیشانکرا، خۆری ئیلانگا ئاوابوو و لە تەواوی وەرزەکەدا تەنیا حەوت یاری وەك یاریزانی سەرەکی بەشداریپێکرا.
ئیلانگا لە سەرەتای ئەم وەرزەدا، بە بڕی 15 ملیۆن پاوەند پەیوەندی بە یانەی نۆتینگهام فۆرێستەوە کرد و هەر لە سەرەتاوە بە ئاستێکی ناوازەوە دەستیپێکرد، یاریزانەکە لەم وەرزەی پرێمەرلیگدا 12 یاری لە پێکهاتەی سەرەکیدا بووە و توانیویەتی چوار گۆڵ و سێ ئاسیست بکات.
ئاستە باشەکەی ئیلانگا وایکردووە تێن هاگ لەلایەن میدیاکانەوە رووبەڕووی رەخنەیەکی زۆر ببێتەوە بەتایبەتی کە یاریزانە سوێدییەکە لەم وەرزەی پرێمەرلیگدا هێندەی سەرجەم هێرشبەرەکانی یانەکەی پێشووی گۆڵی تۆمارکردووە.
لە مانچێستەر یونایتد هەریەکە لە هۆیلاند و ئانتۆنی تاوەکو ئێستا لەم وەرزەی پرێمەرلیگدا نەیانتوانیوە هیچ گۆڵێك تۆماربکەن، راشفۆرد، مارسیال و گارناچۆش پێکەوە تەنیا چوار گۆڵیان تۆمارکردووە.
ئیلانگا بەباشی راهێنانەکانی لەگەڵ یانەکەیدا ئەنجامدەدات و ڤیدیۆیەکی خۆی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا لە هۆڵی وەرزشیدا راهێنان دەکات، هاندەرانی مانچێستەر یونایتدیش لە ژێر ئەو ڤیدیۆیەدا خەمباری خۆیان بە رۆیشتنی یاریزانەکە لە یانەکەیان دەربڕی، یەکێک لە هاندەرەکان لە کۆمێنت بۆی نووسیوە "بۆچی ئێمە ئەوەندە زوو لە یانەکەمان دەرمانکردیت؟" و یەکێکی دیکەش دەڵێت "پێدەچێت تۆ تاکە کەس بیت لە مانچێستەر یونایتد سوودت لە کریستیانۆ رۆناڵدۆ وەرگرتبێت، ئەمەم بەدڵە ئانتۆنی".
مانچێستەر یونایتد بە بارودۆخێکی سەختدا تێدەپەڕێت، یانەکە لەم وەرزەی پرێمەرلیگدا لە پلەی هەشتەم دێت و تەنیا 18 گۆڵی تۆمارکردووە کە لە دوای شێفیڵد یونایتدی دوایین پلەی ریزبەندی خولەکە ئەمە دووەم کەمترین ژمارەی گۆڵە لەلایەن یانەیەکەوە تۆمارکرابێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ