جەوییە دەیەوێت دێربیی بەغدا بباتەوە

24-12-2023
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن یانەی جەوییە یانەی تەڵەبە
A+ A-
رووداو هەولێر 

ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە لە گەڕی یازدەی خولی تۆپی پێی ئەستێرەکانی عێراق یاریی دێربیی شاری بەغدا لەنێوان یانەی جەوییە و یانەی تەڵەبە بەڕێوەدەچێت. 
 
بڕیارە بەر لە یارییەکە کەرنەڤاڵێکی گەورە ساز بکرێت، بەهۆی ئەوەی یەکەم یارییە لە وەرزی ئەمساڵدا لەنێو یاریگەی نێودەوڵەتی شەعب ئەنجامدەدرێت، دوای نۆژەنکردنەوەی، کە یاریگەکە ماوەی چوار مانگ بوو کاری نۆژەنکردنەوەی بۆ دەکرا و گۆڕانکارییەکی زۆریش لە بەشەکانی کراوە، هەر بۆیە چاوەڕواندەکرێت ژمارەیەکی زۆری هاندەر لە یارییەکەدا ئامادەبن. 
 
جەوییە تاکە یانەی خولی ئەستێرەکانی عێراقە هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، بەرپرسانی یانەکە ئەمساڵ پلانی بردنەوەی نازناوی خولی ئەستێرەکانی عێراق و جامی عێراقیان داڕشتووە.
 
دوێنێ شەممە جەوییە بەسەرکردایەتی ئەیوب ئۆدیشۆ دوایین یەکەی ئامادەکاری بە ئامادەبوونی سەرۆک و سەرجەم ئەندامانی دەستەی کارگێڕیی یانەکە لەگەڵ ژمارەیەکی زۆری هاندەر لەنێو یاریگەی خۆیدا لە شاری بەغدا ئەنجامدا.
 
عەلی مەنسور، راوێژکاری یانەی جەوییە لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "یارییەکە زۆر چێژدارە و دڵنیام ئاستێکی بەرز لە هەردوو یانە دەبینم بەهۆی بوونی ئەستێرەی زۆر و دوو راهێنەری ئاستبەرز، ئێمە هەموو کارێکمان بۆ بردنەوەی یارییەکە و دڵخۆشکردنی هاندەرانمان کردووە". 
 
تەڵەبە وەرزی ئەمساڵ خاوەن پێنج ئەستێرەی هەڵبژاردەی ئۆڵیمپی عێراقە، ئەحمەد سەڵاح راهێنەری لاو سەرپەرشتی تیپەکە دەکات، هەرچەندە تیپەکە دەسپێکی باش نەبوو، بەڵام لە دوای هاتنی ئەحمەد سەڵاحەوە تەڵەبە دەیەوێت رکابەری بەرەو نازناوێکی دیکە بکات. 
 
یانەی جەوییە خاوەن 25 خاڵە و رکابەری یانەی شورتەیە لەسەر پێشەنگی ریزبەندیی خولی ئەستێرەکانی عێراق، تەڵەبە 15 خاڵی کۆکردووەتەوە لە پلەی شەشەمی ریزبەندییە. 
 
جەوییە یانەیەکی جەماوەری شاری بەغدایە لە 1931 دامەزراوە، خاوەن حەوت نازناوی خولی نایابی عێراقە و سێجار نازناوی جامی یەکێتیی یانەکانی ئاسیای بردووەتەوە. 
 
تەڵەبە یانەیەکی ناسراو و جەماوەری بەغدایە لە 1969 دامەزراوە، خاوەن 5 نازناوی خولی نایابی عێراقە، دووجاریش نازناوی جامی عێراقی بەرزکردووەتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە