رووداو دیجیتاڵ
ئەمشەو لە رکابەرییەکانی گەڕی 36ـی لالیگادا، یانەی ریال مەدرید بەرامبەر رایۆ ڤاییکانۆ یارییدەکات، هاندەرانی ریال مەدرید پاڵپشتیی ڤینیسیۆس دەکەن.
لە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ، ریال مەدرید کاژێر 20:30 بەرامبەر رایۆ ڤاییکانۆ یارییدەکات، ئەمە یەکێک لە دێربییەکانی مەدریدە، لە یارییەکەدا بەهۆی ئەو رووداوانەی لە یاریی بەرامبەر ڤالێنسیا روویاندا، ڤینیسیۆس جونیۆر بەشداری لە یارییەکەدا ناکات و لە دوایین مەشقەکانی یانەکەشدا بەشداریی نەکرد.
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، لە خولەکی 20 یارییەکەدا، کە ژمارەی درێسی ڤینیسیۆس جونیۆرە، هاندەران چەپڵە بۆ ڤینی لێدەدەن، وەک رێزگرتنێک لەو یاریزانە و پاڵپشتیکردنی لە بەرامبەر ئەو رەگەزپەرستییەی لە یاریی بەرامبەر ڤالێنسیا بەرامبەری بەکارهێنرا.
ڤینیسیۆس لە یاریی بەرامبەر ڤالێنسیا لەلایەن هاندەرانەوە هێرشیکرایە سەر و پێیگوترا تۆ کەسێکی نامۆی، مەیموون مەیموون، ئەمەش کاردانەوەی گەورەی لەسەر ئاستی جیهان دروستکرد، یانەی ریال مەدرید راگەیێنراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت "چاوەڕێی هەڵوێستی تووند دەکەین لە بەرپرسان و ناکرێت ئەم بابەتە بەئاسانی تێبپەڕێت."
فلۆرێنتینۆ پێرێز، لە دوای ئەو رووداوانە بەتەنیا لەگەڵ ڤینیسیۆس کۆبووەوە و پاڵپشتیی خۆی بۆ یاریزانەکە دووپاتکردەوە و پێیگوتووە "هەموو ریال مەدرید لەگەڵتە و تاوەکو کۆتایی رێگایەکە بەردەوامدەبین."
لەسەر ئاستی بەرازیل، ئیسپانیا و هەموو جیهان چەندین پەیامی پاڵپشتی بۆ یاریزانە بەرازیلییەکە بڵاوکرانەوە.
لەو یارییەدا ڤینیسیۆس کارتێکی سووری پێدرا، بەڵام دوای لێکۆڵینەوە لە رووداوەکان، بڕیاردرا کارتی سووری یاریزانەکە رەشبکرێتەوە و یانەی ڤالێنسیا بەرامبەر 48 هەزار دۆلار سزادرا.
یانەی ڤالێنسیا لەبارەی ئەو رووداوانەوە دەڵێت "هەرکەسێک لە رەگەزپەرستی تێوەبگلێت، بەهیچ شێوەیەک جێگەی لەنێو تۆپی پێدا نابێتەوە و بۆ هەتا هەتایە سڕدەکرێت."




