رووداو دیجیتاڵ
جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری یانەی ریال مەدرید ئامادەیی تیپەکەی بۆ ئەنجامدانی کلاسیکۆ دووپاتکردەوە، رایگەیاند ئەوەی پێشتر کردوویانە، بۆ کلاسیکۆ هیچ کاریگەرییەکی نابێت.
سبەی شەو کاژێر 23:00 بەکاتی باشووری کوردستان، یانەی بارسێلۆنا، لە نێو یاریگای کامپ نو، لە کلاسیکۆی یەکەمی ئەمساڵدا، میوانداریی ریال مەدرید دەکات.
مۆرینیۆ لە کۆنگرەی رۆژنامەنووسیی بەر لە یارییەکەدا گوتی، "بەماوەیەکی باشدا تێدەپەڕین، باشیشی یارییدەکەین و گۆڵ تۆماردەکەین، بەڵام هەموو ئەوەی کردوومانە لە رابردوودا، بۆ کلاسیکۆ هیچ کاریگەرییەکی نییە، یارییەکە جیاواز دەبێت".
ئەو هەروەها دەڵێ، "ئەگەر باسی وانەکانی شکستی بارسا بەرامبەر پاریس بکەین لە چامپیۆنزلیگ، پێموایە یەک شکست، هیچ لە دۆخی تیپەکە لە رووی دەروونییەوە ناگۆڕێت، هەروەها ئاستی متمانەبەخۆبوونی ناهێنێتە خوارەوە. لە بەرامبەردا هەمان شت بۆ ئێمەش راستە، ئەگەر بەرامبەر لایپزیگ بدۆڕاینایە".
پرسیار لە جۆزێ مۆرینیۆ کراوە، لەبارەی ئەگەری دانانی پلانێکی تایبەتەوە بۆ راگرتنی لامین یامال، ئەو راهێنەرە دەڵێ، "هەموو یاریزانانی بارسا باشن، هەمان شت بۆ ریال مەدریدیش راستە. لامین یاریزانێکی گەورەیە، یاریزانانی گەورەش دەبێ رێزیان لێبگیرێت، بەڵام جیاوازی هەیە لە نێوان رێزگرتن لە رکابەر و گۆڕینی پلان و پەیکەربەندی تاکتیکی و دەستهەڵگرتن لە شوناسی خۆت. ئێمە ئەوە ناکەین، نەک هەر بەرامبەر ئەونا، بەڵکو بەرامبەر هیچ کەسێکی دیکە کە هەمان کوالیتیی ناوازەی ئەوی هەیە".
مۆرینیۆ هەروەها باسی هانزی فلیکی راهێنەری بارسای کردووە و ئەو دەڵێ، "ئەو راهێنەرێکی گەورەیە و کارێکی ناوازە دەکات".
بەر لە یاریی کلاسیکۆی نێوانیان، ریال مەدرید بە 21 خاڵ، پلەی سێیەمی ریزبەندی لالیگای گرتووە، لە کاتێکدا بارسێلۆنا پێشەنگە و 27 خاڵی هەیە.




