رووداو دیجیتاڵ
لە چوارچێوەی یارییەکانی گەڕی 11ی خولی ئەستێرەکانی عێراق، لەسەر یاریگای نەورۆز، یانەی نەورۆز لە نێو هاندەر و یاریگای خۆیدا رووبەڕووی یانەی دیالە بووەوە و یارییەکە بە یەکسانبوون کۆتایی پێهات.
یانەی نەورۆز چاوی لەوە بوو بە بەدەستهێنانی هەرسێ خاڵی یارییەکە، بە شێوەیەکی کاتی سەربکەوێت بۆ پێشەنگی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراق، بەڵام دیالە رێگر بوو لەو هەوڵەی نەورۆز.
لە نیوەی دووەمی یارییەکەدا، یاریزانانی نەورۆز گوشارێکی زۆریان خستە سەر گۆڵی رکابەرەکەیان و چەندین دەرفەتی مەترسیداریان دروستکرد بۆ تۆمارکردنی گۆڵی سەركەوتن، بەڵام بڕیار و درەوشانەوەی گۆڵپارێزی یانەی دیالە رێگر بوو لەوەی تۆپ تۆڕی گۆڵەکەیان بپێکێت.
عەلی کازم، گۆڵپارێزی دیالە درێژەی بە ئاستە بەرزەکەی دا و توانی لەم یارییەشدا پارێزگاری لە خاوێنی گۆڵەکەی بکات؛ بەمەش بۆ 8 یاری لەسەر یەک لە خولی ئەستێرەکانی عێراق توانیویەتی تۆڕی گۆڵەکەی بە خاوێنی بپارێزێت.




