ئەمشەو لووتکەی پرێمەلیگ لە ئیماراتە

24-02-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن ئارسیناڵ نیوکاسڵ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

کەمکردنەوەی جیاوازیی خاڵەکان لەگەڵ لیڤەرپوولی پێشەنگ بۆ تەنیا دوو خاڵ و درێژەدان بەمانەوە لە نێو بازنەی ململانێی رکابەری لەسەر نازناوی خولەکە، دروشمی ئارسیناڵە کاتێک لە یاریگەی خۆیدا میوانداریی نیوکاسڵ دەکات.
 
ئارسیناڵ کە لە دوو هەزار و بیست و چواردا هەرزوو هەفتە پڕ لە شکستەکانی کۆتایی ساڵی رابردووی تێپەڕاند و لە پێنج یارییدا کە ئەمساڵ ئەنجامیداون دووچاری هیچ خاڵ لەدەستدانێک نەبووە، بەدوای شەشەم بردنەوەی لەسەریەکدا دەگەڕێت لە خولەکەدا، بەڵام ئەوەشی لەبەرچاوە ئەرکەکە ئاسان نییە بەرامبەر تیپێک کە هاوشێوەی خۆی پشت بەخێرایی و زوو گواستنەوەی تۆپ دەبەستێت.
 
ئارسیناڵ بەر لە یارییەکەی ئەمشەو بەرامبەر نیوکاسڵ، لە چامپیۆنزلیگدا دەرکەوتنەوەیەکی باشی نەبوو کاتێک لە ناوەڕاستی هەفتەدا بە پۆرتۆی پۆرتوگالی دۆڕا و تیپەکە پێویستی بەوە هەیە زوو ئاوەزی خۆی لە دوای ئەو شکستە راستبکاتەوە و لەژێر کاریگەرییەکانی دۆڕانەکە بێتە دەرەوە.
 
میکێل ئارتێتا و یاریزانەکانی، ئەمساڵ ورە و ویستێکی گەورەتریان لە رکابەریی لەسەر نازناوی پرێمەرلیگ پێشانداوە، تیپەکە پێویستی بەوە هەیە خۆی لە هەڵەی بچووک بپارێزێت تاوەکو لەم قۆناخە هەستیارەی خولەکەدا، لە رکابەریکردن لەسەر نازناوەکە بەردەوام بێت.
 
نیوکاسڵ لای خۆیەوە، ئەو تیپەیە هەر هەفتەیە و بەئاوەز و شێوازێکی جیاوازەوە دەردەکەوێت. تیپێکە هەندێکجار وەک رکابەری سەرسەخت بەرامبەر ئەوانیدیکە دەردەکەوێت و هەندێکجاریش وەک تیپێک خۆی پێشاندەدات کە تەنیا تێپەڕاندنی هەفتەکانی خولەکەی دەوێت، بەڵام سەرکەوتنەوە بۆ چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو، هاوشێوەی ئەمساڵ، ئەو هەستەیە کە ختووکەی ئێدی هاو و یاریزانەکانی دەدات.
 
نیوکاسڵ لە دە یاریی رابردووی خۆیدا تەنیا سێ بردنەوەی بەدەستهێناوە، بەڵام لە دوایین چوار یاریی خۆیدا لە پرێمەرلیگ شکستی نەهێناوە و ئەوەش دەکرێ وەک مەترسییەک بۆ خەونەکانی ئارسیناڵ لە یارییەکەدا تەماشا بکرێت. بەتایبەت کە ئەو تیپە لە کۆتاییەکانی ساڵی 2021ەوە لە سەردانی بۆ ئیمارایتس دووچاری شکست نەبووە.
 
کێشەکانی نیوکاسڵ لە وەرزی ئەمساڵدا، کێشەی پێکرانی زۆری یاریزانانی تیپەکە بوون. کەمجار روویداوە ئێدی هاوی راهێنەر لە کاتی ئامادەسازیی بۆ یارییەکان، تەواوی یاریزانەکانی پێکهاتەکەی لەبەردەستدابووبێت، بۆ یارییەکەی ئەمشەویش ئەگەرچی جۆ ویلۆک و ئەلیکساندەر ئیساک گەڕاونەتەوە مەشقەکانی تیپەکە، بەڵام هیچ دڵنیاییە لە ئارادانییە بۆ ئەوەی بتوانن بێ کێشە، بەشداریی لە یارییەکەی ئەمشەودا بکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە