رووداو دیجیتاڵ
ئەستێرەیەکی پرێمەرلیگ یاری بە یاری ئاستی دادەبەزێت و تاوەکو ئێستا خراپترین گۆڵپارێزی جامی نەتەوەکانی ئەفریقایە.
قۆناخی کۆمەڵەکانی جامی نەتەوەکانی ئەفریقا بەرەو کۆتایی دەچێت و هەڵبژاردەکانی کۆمەڵەی یەکەم و دووەم سەرجەم یارییەکانیان ئەنجامداوە، ئەمڕۆش چوار یاری دیکە بەڕێوەدەچێت و کۆمەڵەکانی سێیەم و چوارەمیش یەکلایی دەبێتەوە.
هەڵبژاردەی کامیرۆن لە دوو یاریدا خاوەنی تەنیا خاڵێکە و سێیەمی کۆمەڵەکەی گرتووە، لە دوو یاریدا چوار گۆڵی لێکراوە و ئەوەی جێگەی سەرنج و تێڕامانە ئەوەیە کە ئاندرێ ئۆنانا، گۆڵپارێزی هەڵبژاردەکە و ئەستێرەی یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی رێژەی گەڕاندنەوەی تۆپی لە سەدا سفرە، واتا سەرجەم ئەو تۆپانەی ئاراستەی گۆڵی کامیرۆن کراوە چوونەتە گۆڵەوە و ئۆنانا نەیتوانیوە هیچ تۆپێک بگەڕێنێتەوە.
ئۆنانا هاوینی رابردوو بەبڕی 50 ملیۆن یۆرۆ لە یانەی ئینتەرمیلانەوە پەیوەندی بە مانچێستەر یونایتدەوە کرد، تاوەکو ئێستا لەگەڵ یانە ئینگلیزییەکەدا بەشداری 30 یاری کردووە و 47 گۆڵی لێکراوە.
خراپیی ئاستی ئۆنانا لەگەڵ هەڵبژاردەی کامیرۆن لەکاتێکدایە، پێشتر گۆڵپارێزەکە کێشەی زۆری لەگەڵ راهێنەری تیپەکە هەبوو و هەڵبژاردەکەی بەجێهێشت، بەڵام ماوەیەک لەمەوبەر گۆڵپارێزەکە گەڕایەوە نێو ریزەکانی کامیرۆن، جگە لەوەش ئۆنانا لەگەڵ مانچێستەر یونایتد یەکێک لە باشترین گۆڵپارێزەکانی پرێمەرلیگە و لەم وەرزەدا 6 جار گۆڵەکەی بە پاکی راگرتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ