رووداو دیجیتاڵ
یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، بەتەواوی لە گواستنەوەی کیلیان ئێمباپێ بۆ ریزەکانی یانەکەی نزیکبووەتەوە، میدیای ئیسپانیا ئاماژەیەکی بەهێز بۆ یەکلابوونەوەی گرێبەستی یاریزانەکە ئاشکرا دەکەن.
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، سێرخیۆ رامۆس، بەرگریکاری پێشووی یانەی ریال مەدرید و ئێستای یانەی سیڤییا، ماڵەکەی لە مەدرید لە گەڕەکی لا مۆرالێخا بۆ کیلیان ئێمباپێ پێشنیازکردووە و ئامادەیە بە یاریزانە فەرەنسییەکەی بفرۆشێت.
سەرچاوەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، رامۆس پەیوەندیی بە ئێمباپێ کردووە و پێیگوتووە ئامادەم ڤێلاکەم لە مەدرید بفرۆشم کە دەکەوێتە باکووری شارەکە و لە گەڕەکی لا مۆرالێخایە.
ئەو شوێنەی ماڵەکەی رامۆسی لێیە دەکەوێتەوە ناوچەی شارەوانی ئەلکوبێنداس، لە دووری 20 کیلۆمەتر لە باکووری مەدرید، شوێنەکە بە یاریگەی گەورەی گۆڵف، قوتابخانەی تایبەت، باڵەخانەی سەرنجڕاکێش و خەڵکی دەوڵەمەند بەنێوبانگە.
ئەو ناوچەیە چەندین کەسایەتیی بەنێوبانگی وەرزشی، میدیا و سیاسی لێی دەژین و ماڵیان لەوێ هەیە، هەریەکە لە کریستیانۆ رۆناڵدۆ، دەیڤد بێکهام و کەریم بنزیماش پێشتر کە لە ریال مەدرید بوون لەو ناوچەیە دەژیان.
ماڵەکەی رامۆس رووبەرەکەی 2500 مەتر چوارگۆشەیە، بە دیکۆرێکی جوان و سەرنجڕاکێش دروستکراوە، دوو مەلەوانگەی تێدایە، هۆڵێکی سینەمای هەیە، ناوچەیەکی تایبەتی بە یارییکردن و ژوورێکی یاریی لەشجوانیشی تێدایە.
بەرگریکارە ئیسپانییەکە بۆ دەستبەرداربوون لە ڤێلاکەی داوای 6 ملیۆن یۆرۆ دەکات، کە ئەم پارەیە بۆ ئێمباپێ زۆر نییە.
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، هەموو رێککەوتنێک لەگەڵ کیلیان ئێمباپێ کراوە، یاریزانەکە لە ریال مەدرید 15 بۆ 20 ملیۆن یۆرۆ وەک مووچە وەردەگرێت، راگەیاندنی گرێبەستەکەی تەنیا پێویستی بە کاتە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ