رووداو دیجیتاڵ
کیلیان ئێمباپێ گەڕاوەتەوە نێو هەڵبژاردەی فەرەنسا و ئەمشەو سەرکردایەتیی هەڵبژاردەی فەرەنسا دەکات بۆ نزیکبوونەوە لە قۆناخی داهاتووی رکابەرییەکانی نەیشنسلیگ.
ئێمباپێ دوای شەش مانگ دوورکەوتنەوە لە هەڵبژاردەی فەرەنسا، جارێکی دیکە بۆ یارییکردن ئامادەیە و ئەمشەو لە پێکهاتەی سەرەکیدا دەبێت بۆ یارییکردن بەرامبەر هەڵبژاردەی کرواتیا، لە یاریی چوونی قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتییەکەدا.
یارییەکەی ئەمشەو لە سپلیت بەڕێوەدەچێت، کیلیان ئێمباپێ و لوکا مۆدریچی هاوڕێی رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
دوای ئەم یارییە بە سێ رۆژ، لە یاریی گەڕانەوەدا لە پاریس هەردوو تیپ جارێکی دیکە رووبەڕووی یەکدەبنەوە و ئەو هەڵبژاردەیەی دەگاتە قۆناخی پێشکۆتایی پاڵەوانێتییەکە یەکلادەبێتەوە.
دوایین دەرکەوتنی کیلیان ئێمباپێ بەدرێسی فەرەنسا لە مانگی 9ـی ساڵی رابردوو بوو، کاتێک فەرەنسا بە گۆڵێک بەرامبەر سێ گۆڵ بەرامبەر ئیتاڵیا دۆڕا.
لە ریزەکانی هەڵبژاردەی فەرەنسا، جگە لە مارکۆس تورام کە دوو رۆژ لەمەوبەر تووشی پێکانبوو، سەرجەم یاریزانە بانگهێشتکراوەکان بۆ یارییەکەی ئەمشەو ئامادەن.
یاریی گەڕانەوەی نێوان هەردوو هەڵبژاردە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو لە پاریس بەڕێوەدەچێت، براوەی یارییەکە بەرامبەر براوەی یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردە ئیسپانیا و هۆڵەندا یاری دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ