رووداو دیجیتاڵ
دوای دەستلەکارکێشانەوەی سلێمان رەمەزان، لە راهێنەرایەتیی یانەی دهۆک ناوی چەند راهێنەرێک بە یانەکەوە بەستراونەتەوە و سەرچاوەیەکی باڵاش لە رێگەی رووداوەوە دەنگۆکان رەتدەکاتەوە.
لە ماوەی چەند کاژێری رابردوودا لە سۆشیاڵ میدیادا ناوی عەباس عوبێد، راهێنەری دەستلەکارکێشاوەی یانەی هەولێر لەگەڵ یانەی دهۆک دەهێنرێت، کە گوایە ئەو دەبێتە راهێنەری داهاتووی یانەکە و شوێنی سلێمان رەمەزان بگرێتەوە.
سەرچاوەیەکی باڵا لە یانەی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "هەموو ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن عەباس عوبێد دەبێتە راهێنەری یانەی دهۆک دوورن لە راستی و بەهیچ شێوەیەک پەیوەندیمان بەو راهێنەرەوە نەکردووە بۆ ئەوەی پۆستی راهێنەرایەتیی یانەکەمان وەربگرێت."
سەرچاوەکەی رووداو باس لەوە دەکات، یانەی دهۆک لە دەستنیشانکردنی راهێنەری داهاتووی پەلە ناکات، ناو و سیڤی چەند راهێنەرێکی بەردەستە بۆ ئەوەی گفتوگۆی لەبارەوە بکەن و باشترین راهێنەر بۆ داهاتووی یانەکە دەستنیشانبکەن.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەو راهێنەرانەی بەردەستی یانەی دهۆکن بەشێکیان لە ناوخۆی عێراقن و بەشێکیشیان راهێنەری دەرەوەن، یانەکە ئامانجی ئەوەیە باشترین بژاردە هەڵبژێرێت بۆ ئەوەی یانەکە بگەڕێتەوە سەر رێگەی سەرکەوتنەکان و ئەنجامی باشتر بەدەستبهێنێت.
چەند رۆژێکی کەم لەمەوبەر و دوای یەکسانبوونیان بەرامبەر یانەی نەفت لە یاریگەی خۆیاندا، سلێمان رەمەزان، راهێنەری یانەی دهۆک دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستەکەی راگەیاند، یانەکە دەستلەکارکێشانەوەی راهێنەری یانەکەی قبوڵکرد و سوپاسی هەموو ئەو خزمەتەی راهێنەرەکە دەکات کە لە ماوەی رابردوودا بۆ یانەکەی کردووە.
یانەی دهۆک رۆژی چوارشەممە یەکەم یاریی لە دوای دەستلەکارکێشانەوەی راهێنەرەکەی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی قوە جەوییە ئەنجامدەدات، تاوەکو دەستنیشانکردنی راهێنەری داهاتوو، حەیدەر سەباح بەشێوەیەکی کاتی مەشقدانەوەی یانەکە لە ئەستۆ دەگرێت.
یانەی دهۆک سەرەتایەکی باشی لەم وەرزەی خولی عێراقدا هەبوو و لە 5 یاریی سەرەتادا هیچ یارییەکی نەدۆڕاند و هیچ گۆڵێکی لێنەکرا، بەڵام چوار یاریی رابردوودا 3 یاریی دۆڕاندووە و تەنیا یەک گۆڵی تۆمارکردووە، ئێستا یانەکە بە 12 خاڵ لە پلەی نۆیەمی ریزبەندی خولی عێراقە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ