ریال مەدرید گورزێکی کوشندەی بەرکەوت

19-09-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن دانی کارڤاخال ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

لە کاتێکدا کە یانەی ریال مەدرید ئامادەکاری دەکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی یانەی یونیون بەرلینی ئەڵمانی، لە گەڕی یەکەمی قۆناخی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگدا، یاریزانێکی دیکەی گرنگی بەهۆی پێکانەوە لەدەستدەدات.
 
یانەی شاهانە توانی لە دوایین یاری بەرامبەر ریال سۆسیداد، سەرکەوتن بەدەستبهێنێت بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە گەڕی پێنجەمی خولی تۆپی پێی ئیسپانیا.
 
رۆژنامەی مارکای ئیسپانی بڵاویکردەوە، مەشقەکانی یانەی ریال مەدرید سەر لە بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە بەبێ ئامادەبوونی دانی کارڤاخالی بەرگریکار بەڕێوەچوون، بەهۆی تووشبوونی بە پێکان لە ماسوولکەکانی، بەمەش بەشداری یارییەکەی سبەی بەرامبەر یانە ئەڵمانییەکە ناکات.
 
رۆژنامە ئیسپانییەکە دووپاتیکردەوە کە ئامادەنەبوونی ئەو یاریزانە زۆر قورس دەبێت بۆ کارلۆ ئەنچێلۆتیی راهێنەر، بەتایبەتی کە لە سەرەتای ئەم وەرزەدا ئاستێکی زۆر بەرزی پێشکێش کردووە.
 
وەک میدیاکانی ئیسپانیا باسی دەکەن، گومان دەکرێت دانی یەکشەممەی داهاتووش، لە یاریی دێربی بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید بەشداری نەکات.
 
هەروەها ئەنچێلۆتی لە کاتی مەشقەکانی ئەمڕۆدا نەیتوانی پشت بە ڤینیسیۆس و ئاردا گولەر ببەستێت، کە تاوەکو ئێستا لە پێکانەکانیان چاک نەبوونەتەوە، و ئەمڕۆش لە هۆڵی وەرزشی مەشقەکانیان ئەنجامدا. جگە لەوەی کۆرتوا و میلیتاو ناتوانن ئەم وەرزە یاری بکەنەوە.
 
یانەی شاهانە ئاواتەخوازە بە هێزێکی تەواوەوە لە چامپیۆنزلیگ دەستپێبکات بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە درەوشاوەیی خۆی لەژێر سەرکردایەتی کارلۆ ئەنچێلۆتی راهێنەری ئیتاڵی، دوای ئەوەی تیپەکە لە 5 یاریی یەکەمی لالیگادا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و بە 15 خاڵ پێشەنگی گرتووە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە