رووداو دیجیتاڵ
جامی کەنداوی 27 بەبەشداریی هەشت هەڵبژاردە لە سعودیە دەستپێدەکات، هەڵبژاردەی عێراق یەکەم یاریی پاڵەوانێتییەکە ئەنجامدەدات و بەرامبەر هەڵبژاردەی عومان یاریی دەکات.
لە دەستپێکی رکابەرییەکانی پاڵەوانێتییەکەدا، کاژێر 17:30 هەڵبژاردەی عێراق، لە یاریگای شا عەبدوڵڵا فەیسەڵ لە جەددە بەرامبەر هەڵبژاردەی عومان یاریی دەکات.
هەڵبژاردەی عێراق دوو رۆژ پێش ئەنجامدانی یارییەکە گەیشتە سعودیە و دوو یەکەی مەشق و راهێنانی لەو وڵاتە ئەنجامداوە و بۆ یەکەم یاریی رکابەرییەکە ئامادەیە.
پێش یارییەکە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا، گراهام ئارنۆڵد، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق گوتی "ئامانجێکی روونمان هەیە و هاتووین بۆ ئەوەی رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوی پاڵەوانێتییەکە بکەین، ئێمە کاتی زۆرمان بۆ یارییەکە نەبوو، بۆیە تەنیا کار لەسەر لایەنی جەستەیی یاریزانەکان کراوە."
راهێنەری عێراق گوتی "یاریزانی لاو و ئەزموونمان هەیە و ئەوە هاوکاریمان دەکەن بۆ رکابەریکردن لەسەر نازناوەکە، عومان تیپێکی بەهێزە و ئەزموونی لە پاڵەوانێتییەکەدا هەیە، بەڵام یاریزانەکان سوورن لەسەر ئەوەی یارییەکە ببەنەوە."
بۆ جامی کەنداوی 27، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق گۆڕانکاریی زۆری لە پێکهاتەی تیپەکەدا کردووە و چەند یاریزانێکی نوێی بانگهێشتکردووە، دیارترینیان محەممەد دلاوەر، یاریزانی یانەی نەورۆز و مستەفا قابیل، یاریزانی یانەی هەولێرن.
مستەفا قابیل، ئەمڕۆ گەیشتە سعودیە و پەیوەندی بە هەڵبژاردەکەوە دەکات، دوای ئەوەی رۆژی سێشەممە لەسەر داوای گراهام ئارنۆڵد، بۆ پڕکردنەوەی شوێنی عەلی حەمادی کە بەهۆی پێکانەوە دوورخرایەوە لە سێربیاوە بەرامبەر سعودیە بەڕێکەوت.
لە ریزەکانی هەڵبژاردەی عێراق، بۆ جامی کەنداو، پێنج یاریزانی کورد یاریی دەکەن، مێرخاس دۆسکی، یاریزانی یانەی ڤیکتۆریا پڵزنی چیکی، ئاکام هاشم، یاریزانی یانەی زاخۆ، یوسف ئیمام، یاریزانی یانەی دهۆک، محەممەد دلاوەر، یاریزانی یانەی نەورۆز و مستەفا قابیل، یاریزانی یانەی هەولێر.
عێراق لە رکابەرییەکانی کۆمەڵەی یەکەمە، دوای عومان، بەرامبەر کوێت یاریی دەکات و لە سێیەم یارییدا رووبەڕووی هەڵبژاردەی سعودیە دەبێتەوە.




