چامپیۆنزلیگ و چێژ گەڕانەوە.. میلان و نیوکاسڵ یاریی لووتکە دەکەن

19-09-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن میلان نیوکاسڵ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

بە دوو هەستی جیاوازەوە، بە دوو دۆخی دوور لە یەکدییەوە، نیوکاسڵ و میلان، شریتی دەستپێکردنی وەرزی نوێی چامپیۆنزلیگ دەپچڕێنن و هەردوو یانە لە نێو سانسێرۆدا، ویستی دەستپێکێکی باش و سەرەتایەکی نایابیان لە چامپیۆنزلیگدا هەیە.
 
هەستی هەردوو یانە جیاوازە و دۆخیشیان جیاوازتر.. میلان کە سەرەتای ئەم هەفتەیە تاڵاوی شکستێکی قورسی لەهەمان یاریگەدا بەرامبەر ئینتەرمیلانی هاوشاریی چێژت، دەیەوێ لە ژێر کاریگەریی ئەو شکستە پێشبینینەکراوە قورسە بێتە دەرەوە و لە چامپیۆنزلیگدا لانیکەم ئەو هەنگاوانە هەڵبنێتەوە کە وەرزی رابردوو ئەویان گەیاندە چوارگۆشەی زێڕینی پاڵەوانێتییەکە.
 
شکستەکەی دێربی ئازاری زۆری میلانیدا و دەرچوونە ناوازەکەی لەسەرەتای وەرزی ئەمساڵی سێری ئادا لێتێکدا، هەرئەوەش وایکردووە پێشبینیکراو بێت، ستیفانۆ پیۆلی راهێنەری یانەکە، هەندێک گۆڕانکاریی لە پێکهاتەکەیدا بکات و ساموێل چیکوێزی لە هێرشبەری باڵ یاریی پێ بکات و فیکایۆ تۆمۆری بگەڕێنێتەوە هێڵی بەرگری. پیۆلی دەیەوێ بێئومێدییەکەی دێربی، بە یارییەکەی نیوکاسڵ لەبیر بکات.
 
ستیفانۆ پیۆلی، راهێنەری یانەی میلان، دەڵێت "پێشبینی زۆرمان بۆ یارییەکەی دێربی هەبوو، متمانە و پۆزەتیڤ بووین، بەڵام ئاکامە زۆر خراپ کەوتەوە و ئومێدبڕ بوو. ئێستا چامپیۆنزلیگمان هەیە و پێموایە بەبەختین لەوەدا، چونکە ئەمە تاکە رێگەیە بۆ ئێمە لەپێناو گەڕانەوە بۆ کارکردن. کارمان لەسەر ئەوە کردووە و دەزانین کۆمەڵەکەمان زۆر قورسە و دەشزانین چەندە گرنگە سەرەتایەکی باشمان لە پاڵەوانێتییەکەدا هەبێت".
 
بەپێچەوانەی میلانەوە، دەتوانین بڵێین نیوکاسڵ بەر لە یارییەکەی چامپیۆنزلیگ، کەمێک لەو دۆخە خراپەی خۆی هاتە دەرەوە کە لە سێ یاریی پرێمەرلیگدا تێیکەوتبوو و سێ یاریی بەسەریەکەوە شکستی هێنا.
 
نیوکاسڵ دوای بیست ساڵی رێک دوور لە چامپیۆنزلیگ، لەو پاڵەوانێتییەدا دەردەکەوێتەوە و یانەکە کولتوور و ئەلفوبێی پاڵەوانێتییە کیشوەرییەکەی لەبیرکردووە و بووەتە یانەیەکی بێئەزموون لە پاڵەوانێتییەکەدا، هەربۆیە لە کاتی گەشتی تیپەکەدا بەرەو میلانۆ، یانەکە لە پرەنسیپەکانی گەشتکردن لایدا و دوو کاژێر درەنگتر گەیشتە شارە ئیتاڵییەکە.
 
بۆ نیوکاسڵ، دەرکەوتنەوە لە چامپیۆنزلیگ و لە کۆمەڵەیەکی بەهێزدا، ئەرکێکی قورس دەهێنێتە سەرڕێی یانەکە، بەڵام ئەو یانەیە ناچارە بەوپەڕی تواناوە لە پاڵەوانێتییەکەدا دەربکەوێت و هەموو ویستی ئەوەبێت، لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا کەمێک ئەزموون کۆبکاتەوە.
 
ئێدی هاو، راهێنەری یانەی نیوکاسڵ، دەڵێت "بەڵی من پێشتر هیچ یارییەکی چامپیۆنزلیگم ئەنجام نەداوە و هەموو کات سەرقاڵی کاری دیکەبووم، بەڵام ئەوە کارێکی گرنگ نییە. ئەمە یارییەکی تۆپی پێیە و پێموایە ساتێکی شانازییە بۆ من و بۆ هەموو کەسێک کە پەیوەندی بە نیوکاسڵەوە هەیە، چونکە ئێمە دوا دابڕانێکی درێژ گەڕاینەوە پاڵەوانێتییەکە. بەڵام یارییەک ئەنجامدەدەین و پێویستە لە باشترین ئاستی خۆماندابین".
 
میلان و میوانە ئینگلیزییەکەی لە یارییەکەی ئەمشەودا، پێویستیی زۆریان بەئەنجامێکی باش هەیە، چونکە کۆمەڵەکەی ئەوان کە سانجێرمانی فەرەنسی و بۆرووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانیش لە خۆ دەگرێت، هەموو شتێکی تێدایە، تەنیا یاریی ئاسان نەبێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئامادەبوونی هاندەران لە ستۆدیۆی تایبەتی رووداو بۆ رووماڵی یارییەکانی یۆرۆی 2024. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

بینەرانی رووداو بوونە براوەی یۆرۆ 2024

بینەرانی رووداو بەشێوەیەکی زۆر ئینتراکتیڤ بەشدارییان لە بەرنامەکانی رووداو دا کرد، بۆ نیشاندانی بۆچوون و پێشبینییەکانیان، بە ملیۆنان تێچێن (کۆمێنت) بەشدارییان لەگەڵ بەرنامەی (ستۆدیۆی یۆرۆ)ی رووداو دا کرد. 84 بینەری رووداو لە پارێزگا جیاوازەکانی کوردستان بوونە براوەی خەڵاتەکانی رووداو. خەڵاتەکانیش بەوشێوەیە بوون:( یەک ئۆتۆمبێل، 23 تەلەڤزیۆن، 23 لیرەی زێڕ، 28 ئایپاد، 20 مۆبایلی زیرەک، 12 دەست کەلوپەلی نێوماڵ).