فەرمی.. بارسێلۆنا گرێبەستێکی دیکەی راگەیاند

19-07-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن یانەی بارسێلۆنا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی بەشێوەیەکی فەرمی، چوارەم گرێبەستی لە گواستنەوەی ئەم هاوینەدا راگەیاند و ئۆریۆل رۆمیۆ، یاریزانی یانەی خیرۆنای گواستەوە ریزەکانی.
 
بارسێلۆنا لە ڤیدیۆیەکی تایبەتدا کە لەسەر پەیجەکانی خۆی بڵاویکردووەتەوە گواستنەوەی رۆمیۆی یاریزانی پێشووی یانەکەی و یانەی خیرۆنای بۆ ریزەکانی راگەیاند، گرێبەستی یاریزانەکە بەرامبەر 4.5 ملیۆن یۆرۆ واژۆکراوە و تاوەکو هاوینی ساڵی 2025 دەبێت.
 
یاریزانەکە تەمەنی 31 ساڵە، لە هەمان شوێنی سێرخیۆ بوسکێس، کاپتنی پێشووی یانەکە یارییدەکات کە ئەم هاوینە پەیوەندیی بە یانەی ئینتەرمەیامی کردووە.
 
رۆمیۆ لە 2004 تاوەکو 2011 لە تیپی لاوان، تیپی دووەم و یەکەمی بارسێلۆنا یارییکردووە و دوای 12 ساڵ لە بەجێهێشتنی یانەکەی جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە یانە کەتەلۆنییەکە.
 
ئۆریۆل رۆمیۆ لە کاروانی یارییکردنی بۆ یانەکانی چێڵسی، ڤالێنسیا، شتوتگارت، ساوسامپتۆن و خیرۆنا یارییکردووە و ئەزموونە نوێیەکەی لەگەڵ بارسا دەبێت.
 
بەپێی رێککەوتنی نێوان هەردوو یانەی بارسێلۆنا و خیرۆنا، لە بەرامبەر گواستنەوەی ئۆریۆل رۆمیۆ، پابلۆ تۆرێ، یاریزانی لاوی یانەی بارسێلۆنا بەشێوەی خواستن پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی خیرۆناوە دەکات.
 
گواستنەوەی یاریزانە 31 ساڵەکەی ئیسپانیا، دەبێتە چوارەم گرێبەستی ئەم هاوینەی بلاوگرانا دوای گواستنەوەی هەریەکە لە ئیلکای گوندۆگان، ئینیگۆ مارتینێز و ڤیتۆر رۆکی، کە ئەمەی دوایینیان لە سەرەتای ساڵی 2024ـەوە پەیوەندی بە یانەکەوە دەکات.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە