ریال مەدرید و مانچێستەر سیتی بلیتی پەڕینەوەیان دەوێت

19-02-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن چامپیۆنزلیگ یانەی ریال مەدرید یانەی مانچێستەر سیتی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، لەنێو دۆخێکی ئاڵۆزدا دەیەوێت پارێزگاری لە بردنەوەی یاریی چوونی قۆناخی پلەی ئۆفی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر یانەی مانچێستەر سیتی بکات و خۆی بگەیێنێتە قۆناخی شازدەی رکابەرییەکە.
 
ئەمشەو کاژێر 23:00 بەکاتی باشووری کوردستان، ریال مەدرید لە نێو سانتیاگۆ بێرنابیۆ، میوانداریی مانچێستەر سیتی دەکات.
 
ریال مەدرید لە دۆخێکی خراپدایە، دوای ئەوەی لە یاریی رابردووی لالیگادا بەرامبەر ئۆساسۆنا دوو خاڵی لەدەستدا، جود بێلینگهام بەکارتی سوور کرایە دەرەوە و بڕیارەکانی ناوبژیوانی ئەو یارییە کاردانەوەی گەورەی لەسەر ریال مەدرید دروستکرد و دوای ئەوەش یانەکە پلەی یەکەمی ریزبەندی لالیگاشی لە بەرژەوەندی یانەی بارسێلۆنا لەدەستدا.
 
لەگەڵ هەموو ئەمانەدا، یانەی شاهانە دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی بردنەوەی یاریی چوون دووبارەبکاتەوە و خۆی بگەیێنێتە قۆناخی داهاتووی چامپیۆنزلیگ.
 
ریال مەدرید لە یاریگەی خۆیدا هیچ یارییەکی بەرامبەر مانچێستەر سیتی نەدۆڕاندووە، ئەمشەو پێویستی بەوەیە خۆی لە دۆڕان بپارێزێت بۆ مانەوە لە رکابەرییەکەدا.
 
چاوەڕواندەکرێت ئەمشەو ئەنتۆنیۆ رۆدیگێر بگەڕێتەوە نێو پێکهاتەی ریال مەدرید و بەشێوەیەکی سەرەکی لە دڵی بەرگریدا یاری بکات.
 
لە یاریی چووندا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی ریال مەدرید بە سێ گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ بردنەوەی تۆمارکردووە، سەرکەوتووی یارییەکەی ئەمشەو لە قۆناخی داهاتوودا بەرامبەر یەکێک لە یانەکانی ئاتلێتیکۆ مەدرید یان بایرلیڤەرکوزن یاریدەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە