دی برۆین و سەڵاحت لە چێڵسی دەرکرد؟ مۆرینیۆ وەڵام دەداتەوە

18-12-2023
ئاسوودە پێشەوا
نیشانەکردن جۆزێ مۆرینیۆ دی برۆین محەممەد سەڵاح
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری بەنێوبانگی پۆرتوگالی، بۆ یەکەمین جار هۆکاری فرۆشتنی دوو ئەستێرەی ناوداری خۆی لە سەردەمی راهێنەرایەتی کردنی چێڵسیدا ئاشکرا دەکات.
 
مۆرینیۆ لە دوو کاتی جیاوازدا را‌هێنەرایەتی چێڵسی کردووە و توانیویەتی سێ نازناوی پرێمەرلیگ بۆ یانەکە بەدەستبهێنیت، لە ماوەی راهێنەرایەتی کردنی یانە ئینگلیزییەکەدا، هەریەکە لە کێڤن دی برۆین، ئەستێرەی یانەی مانچێستەر سیتی و محەمەد سەڵاح، ئەستێرەی یانەی لیڤەرپوول یانەی چێڵسییان بەجێهێشت و بە دوو ئاراستەی جیاوازدا رۆشتن. 
 
لەو کاتەوەی چێڵسییان بەجێهێشتووە، هەردوو ئەستێرەکە ئاستێكی ناوازەیان پێشکێش کردووە و لە ریزی باشترین یاریزانانی مێژووی پرێمەرلیگ دادەنرێن، ئەمەش وایکرد بەشێکی زۆری میدیاکان و هاندەرانی تۆپی پێ رەخنەی تووند لە بڕیارەکەی مۆرینیۆ بگرن بەوەی کە ئەو دوو یاریزانەی فرۆشتووە و نەیتوانیوە سوودیان لێوەربگرێت.
 
دی برۆین لەم چەند ساڵەی دواییدا بە باشترین ناوەڕاستکاری جیهان دادەنرێت و وەرزی رابردوو لەگەڵ مانچێستەر سیتی توانی سێ نازناوە مێژووییەکە بەدەستبهێنێت و یەکەم چامپیۆنزلیگی بۆ یانەکە بردەوە، سەڵاحیش لەگەڵ لیڤەرپوول هەردوو نازناوی پرێمەرلیگ و چامپیۆنزلیگی بردووەتەوە و 200 گۆڵی لەگەڵ یانەکەدا تۆمارکردووە، مۆرینیۆ دێتە دەنگ و لە پۆدکاستێکدا بۆ یەکەمین جار باس لە هۆکاری فرۆشتنی ئەو دوو ئەستێرەیە دەکات و دەڵێت "ئەوان نەیاندەویست چاوەڕێبکەن و بە ویستی خۆیان یانەکەیان بەجێهێشت". 
 
راهێنەرە پۆرتوگالییەکە زیاتر دەڵێت "مێژوو سەلماندی کە ئەوان بڕیارێکی باشیانداوە بەوەی چێڵسییان بەجێهێشتووە، چونکە دوای رۆیشتنیان لە یانەکە توانیان کاروانێکی وەرزشی ناوەزە بۆخۆیان دروستبکەن، هەندێك جار منداڵان بڕیاری لەم شێوەیە دەدەن، چونکە پەلەیانە و نایەنەوێت چاوەڕێی دەرفەتێکی گونجاو بکەن". 
 
سەڵاح لە ساڵی 2014 لە یانەی بازلی سویسرییەوە پەیوەندی بە چێڵسییەوە کرد، دوای تەنیا ساڵێك مانەوە لە یانەکە، بە خواستن پەیوەندی بە یانەی فیۆرێنتیناوە کرد و دواتر جارێکی دیکە چێڵسی جێهێشت و چووە رۆما، مۆرینیۆ باسی گرێبەستەکەی سەڵاح دەکات و دەڵێت "خەڵکی دەڵێن من سەڵاحم بەڕێکرد، بەڵام من رێك پێچەوانەکەی دەڵێم. من بووم سەڵاحم هێنایە چێڵسی، ئەو خەریکبوو پەیوەندی بە لیڤەرپوولەوە بکات، بەڵام من جەنگێکی گەورەم بەرپاکرد و شەڕمکرد بۆ ئەوەی بیهێنمە چێڵسی." 
 
مۆرینیۆ زیاتر دەڵێت "بۆ ئەوەی یاریزانی چێڵسی بیت، دەبێت ئاستت باشبێت، ئەگەرنا دەبێت چاوەڕێ بکەیت تاوەکو دەرفەتێكت پێبدرێت بۆ ئەوەی خۆت بسەلمێنیت، فرۆشتنی سەڵاح بڕیاری من نەبوو، من بە چێڵسیم گوت لێیگەڕێن با بە خواستن بڕوات مادام دەیەوێت خولەکی زیاتر یاریی بکات، بەڵام دواتر چێڵسی لە قۆناخێکدا بڕیاریدا بیفرۆشێت". 

 

 
کێڤن دی برۆین لەو دوو وەرزەی لەگەڵ چێڵسیدا بوو تەنیا بەشداری لە نۆ یاریدا کرد، دواتر لە وەرزی 2012/2013 بە خواستن چووە ڤێردەر برێمەن و وەرزی دواتریش پەیوەندی بە ڤۆڵفسبۆرگەوە کرد.
 
 لەبارەی ئەستێرەکەی مانچێستەر سیتییەوە مۆرینیۆ دەڵێت "رۆشتنی کێڤنیش بەهەمان شێوەی سەڵاح بوو، ئەو خەریکبوو بەخواستن پەیوەندی بە یانەیەکی ئەڵمانییەوە بکات، بەڵام من بە چێڵسیم گوت نەخێر، دەمەوێت ئەو لەگەڵمدا بمێنێتەوە، پرێمەرلیگ دەستی پێکردەوە و وەك یاریزانێکی سەرەکی یارییم بە کێڤن کرد، دواتر لە جامی سوپەری ئەوروپی رووبەڕووی بایرن میونشن بووینەوە و بەشداریم پێنەکرد، بۆیە رۆژی دواتر گوتی دەمەوێت بڕۆم، لە یاریی دووەمی پرێمەرلیگدا چەند خولەکێك بەشداریم پێکرد، بەڵام بۆ ئەو ئەوەندە بەس نەبوو بۆیە بڕیاریدا لە یانەکە بڕوات".
 

لە کۆتایی قسەکانیدا جۆزێ دەڵێت "ئەوان تەنیا منداڵبوون و نەیاندەویست چاوەڕێبکەن، مێژووش سەلماندی کە ئەوان بڕیارێکی درووستیان داوە، لەوانەیە زۆرکەس بڵێن من دی برۆین و سەڵاحم لە یانەکە دەرکردووە، بەڵام دڵنیام ئەوان واناڵێن". 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە