رووداو دیجیتاڵ
یانەی بارسێلۆنا لە دۆسیەی گواستنەوەی جولیان ئەلڤارێز، ئەستێرەی ئەرجەنتینی و یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید، سیاسەتی هێمنی و پشوودرێژی گرتووەتە بەر.
سەرەڕای ئەوەی ئەلڤارێز ئامانجی سەرەکیی یانەکەیە بۆ شوێنگرتنەوەی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، بەڵام کارگێڕیی بلوگرانا نایەوێت هیچ هەنگاوێکی سەرکێشانە بنێت کە بارگرانیی دارایی بۆ دروست بکات.
بەگوێرەی دوایین زانیارییەکانی رۆژنامەی 'مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ'، بارسێلۆنا مەرجێکی تووندی هەیە و ئامادە نییە ئەو دەستەوارە 100 ملیۆن یۆرۆییە تێپەڕێنێت کە لە سەرەتای مانگی 6ـی رابردوودا پێشکەشی کردبوو. هەرچەندە وادەی ئەو دەستەوارەیە بەسەرچووە، بەڵام خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەکە، هیچ پەلە ناکات بۆ پێشکەشکردنی دەستەوارەیەکی نوێ یان زیادکردنی بڕی پارەکە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئاتلێتیکۆ مەدرید بە تووندی دەرگای دانوستاندنی بەڕووی بارسادا داخستووە.
هۆکاری ئەم دڵنیاییەی بارسێلۆنا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە، یانەکە پێشتر هێڵی هێرشبەری خۆی بە گواستنەوەی ئانتۆنی گۆردۆن و کەریم ئادێمی بەهێز کردووە، ئەوەش دوای کۆتایی هاتنی ماوەی خواستنی مارکۆس راشفۆرد.
هانزی فلیک، راهێنەری بارسا، پێیوایە لە حاڵەتی شکستی گرێبەستی ئەلڤارێزیشدا، بژاردەی وەک فێران تۆرێس، دانی ئۆڵمۆ و رافینیا شک دەبات کە دەتوانن لەو پێگەیەدا بۆشاییەکان پڕ بکەنەوە.
لەلایەکی دیکەوە، جولیان ئەلڤارێز کە دوای شکستی ئەرجەنتین لە یاریی کۆتایی مۆندیالی 2026 بەرامبەر ئیسپانیا، خواستی خۆی بۆ رۆیشتن دەربڕیبوو، ئێستا لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدایە. یاریزانەکە خەونی پۆشینی درێسی بارسێلۆنایە، بەڵام ئاتلێتیکۆ مەدرید دەیەوێت تەنیا لە چوارچێوەی گرێبەستی ئاڵوگۆڕدا بۆ نموونە لەگەڵ ئارسیناڵ بۆ گواستنەوەی ڤیکتۆر یۆکێرێش، یان فرۆشتنی بە پاریس سانجێرمان دەستبەرداری بێت.
چاوەکان لە 10ـی مانگی هەشتدا لەسەر مەشقەکانی رۆخی بلانکۆس دەبن، کاتێک ئەلڤارێز دەگەڕێتەوە؛ ئایا هێرشبەرە لاوەکە جارێکی دیکە گوشار دەخاتەوە سەر یانەکەی بۆ ئەوەی رێگەی پێ بدەن روو لە کامپ نو بکات، یان بارسێلۆنا بەم پێکهاتەی هێرشبەرەی ئێستایەوە کۆتایی بە مێرکاتۆی هاوینە دەهێنێت؟ پشوودرێژیی بارسا و سووربوونی ئاتلێتیکۆ، ئەم ململانێیەی بۆ هەفتەی کۆتایی گواستنەوەکان هێشتووەتەوە.




