رووداو دیجیتاڵ جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی (فیفا)، هێرشێکی تووند دەکاتە سەر رەخنەگرانی مۆندیالی 2026 و رایدەگەیەنێت، نەیارەکانی سەرقاڵی بڵاوکردنەوەی رق و دەنگۆ بوون، لەبری ئەوەی ئاهەنگ بۆ سەرکەوتنی باشترین نمایشی وەرزشیی جیهان بگێڕن. ئینفانتینۆ لە رێگەی پۆستێکی درێژەوە لە هەژماری فەرمیی خۆی لە ئینستاگرام، کە لە هەژماری فەرمی فیفاش بڵاوکراوەتەوە، دوای کۆتایی هاتنی پاڵەوانێتییە شەش هەفتەییەکە، بەرگری لە مۆندیال کرد و پەیامێکی تووندی ئاراستەی رەخنەگران کرد. ئێوە لە پشت شاشەکان بوون و ئێمە لە هێڵی پێشەوە سەرۆکی فیفا لە پەیامەکەیدا دەڵێت "کاتێک ئێوە لە پشت پێنووس و لاپەڕەکانتان و لە پشت شاشەکانتانەوە دانیشتبوون و رق و دەنگۆی ناڕاستتان بڵاودەکردەوە، ئێمە لە فیفا لە هێڵی پێشەوە بووین؛ بەسەختی کارمان دەکرد بۆ رێکخستنی باشترین نمایشی جیهان". ئینفانتینۆ دووپاتیکردەوە، پاڵەوانێتییەکە هیچ تووندوتیژییەکی بەخۆوە نەبینیوە و ئاسایش 100% پارێزراو بووە، بەڵام ئەم قسانە ناڕەزایەتی لێکەوتەوە، چونکە لە رۆژی کردنەوەی مۆندیالدا لە مەکسیک، پۆلیس گازی فرمێسکڕێژی دژی خۆپیشاندەران بەکارهێنا پێش یاریی مەکسیک و ئەفریقای باشوور. بابەتی ڤیزا و رێگرییەکان سەبارەت بە کێشەی ڤیزا و رێگرییەکانی گەشتکردن کە ئەمریکا بەسەر هاووڵاتییانی ئێران، هایتی، سەنیگال و کۆتدیڤواردا سەپاندبووی، ئینفانتینۆ گوتی "ئێوە تەنیا باسی چەند کەسێکی کەمتان کرد کە ڤیزایان وەرنەگرتبوو، بەڵام چاوتان لەو ملیۆنان کەسە نوقاند کە رەزامەندییان بۆ هاتنە ژوورەوە وەرگرت. تۆپی پێ جیهانی یەکخست و ئەوەمان سەلماند". هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە هەڵبژاردەی ئێران بەبێ هیچ گرفتێک چووەتە نێو خاکی ئەمریکا. ترەمپ و دەستێوەردان لە سزاکەی بالۆگۆن ئینفانتینۆ وەڵامی ئەو تۆمەتانەشی دایەوە کە باس لە دەستێوەردانی سیاسی دەکەن لە بڕیارەکانی فیفا، بەتایبەت دوای هەڵوەشاندنەوەی سزای راگرتنی فۆلارین بالۆگۆنی هێرشبەری هەڵبژاردەی ئەمریکا. راپۆرتەکان ئاماژەیان بەوە کردبوو کە دۆناڵد ترەمپ، پەیوەندی تەلەفۆنی بە ئینفانتینۆوە کردووە بۆ ئەو مەبەستە. سەرۆکی فیفا لەوبارەیەوە گوتی "بڕیارەکان یان پێداچوونەوە بە کارتە سوور و زەردەکان، کارێکی رۆتینییە و لە هەموو خولە گەورەکانی جیهاندا دەکرێت"، بەڵام ئەم بڕیارە هەریەکە لە یوفا، یەکێتیی تۆپی پێی بەلجیکا و نەرویجی تووڕە کرد و سکاڵای فەرمییان لەسەر سەربەخۆیی بڕیارەکانی فیفا تۆمارکرد. پەیامی کۆتایی: "ئاشتی بدۆزنەوە" ئینفانتینۆ پەیامەکەی بە داوایەک بۆ رەخنەگران کۆتایی پێهێناوە و دەڵێ "ئەوانەی کاتی خۆیان بۆ رق لێبوونەوە لە ئێمە تەرخان دەکەن، تکایە بۆ ساتێک رابوەستن، تێڕامان بکەن، یان نوێژ بکەن، یان سەیری یارییەکی تۆپی پێ بکەن و سەیری ناو چاوی خەڵک بکەن". هەروەها گوتی "هیوادارم خۆشەویستی و ئاشتی بدۆزنەوە، ئێمە لە فیفا ئاشتیمان دۆزیوەتەوە و لە رێگەی مۆندیالەوە پێشکەشی جیهانی دەکەین. با تۆپی پێ هەمیشە لە سەرووی هەموو جۆرە رقێکەوە بێت". دەقی تەواوی پەیامەکەی ئینفانتینۆ: بۆ هەموو ئەو کەسانەی چێژیان لە یارییە جوانەکەمان و هەست و سۆز و ئاهەنگ و گریان و پێکەنینەکان وەرنەگرت؛ بۆ ئەوانەی نەیانبینی منداڵ و پیر و گەنج و دایک و باوک چۆن بۆ لەم یارییە کۆبووبوونەوە، دەڵێم: داوای لێبوردن دەکەم کە یارییەکان کۆتاییان هات و ئێوە ئەو هەموو خۆشییەتان لەدەست چوو، چونکە نوقمی رق و رەخنە ببوون. ئێوە لە پشت شاشەکانتانەوە خەریکی بڵاوکردنەوەی درۆ بوون، بەڵام ئێمە لە شەقامەکانی کەنەدا، مەکسیک و ئەمریکا لەگەڵ خەڵک بووین و ئاسایشی هەمووانمان دەپاراست. ئێوە خەریکی دابەشکردن بوون، ئێمە خەریکی یەکخستن بووین. 7 ملیۆن کەس لە 200 دەوڵەتەوە هاتن و سفر تووندوتیژی هەبوو. بینەری ملیاری لە ماڵەکانیانەوە مۆندیالیان بینی و ناودارانی جیهانیش، لە سینەماوە ئامادەبوون. ئەم سەرکەوتنە بەهۆی حکومەتی هەر سێ وڵات و پۆلیس و خۆبەخشەکانەوە بوو. لە کاتێکدا ئێوە خەریکی چاندنی رق بوون، ئێمە کارمان دەکرد بۆ یەکخستنی دوو وڵات کە لە حاڵەتی شەڕدابوون (ئاماژە بۆ ئێران و ئەمریکا). تۆپی پێ لە رق و جیاکاری گەورەترە. ئێمە لە فیفا شانازی بەم مۆندیالەوە دەکەین کە هیوا و یەکسانی بۆ هەموو جیهان گەڕاندەوە. ئێوەی خاوەن پێنووسەکان، هیوادارم ئاشتی بدۆزنەوە، چونکە ئێمە دۆزیومانەتەوە. وەک سەرۆکی فیفا، هەست بە شانازییەکی گەورە دەکەم کە بەشداربووم لەم نمایشە مەزنەدا.