رووداو دیجیتاڵ
جۆناس ڤینگگارد، پایسکیلسواری دانیمارکی توانی پارێزگاری لە پێشەنگی ریزبەندیی گشتیی تور دو فرانس بکات، دوای ئەوەی توانی لە کۆی چوار تاقیکردنەوە لە بەرزاییەکانی ئاڵپ هێڵی کۆتایی لەگەڵ تادیچ پۆگاکار ببەزێنیت.
پایسکیلسواری هۆڵەندی وۆت پولس لە گەڕی پازدەمدا بە پلەی یەکەم سەرکەوتنی بەدەستهێنا و سەرکەوتنەکەی تەرخانکرد بۆ یادکردنەوەی هاوڕێی جینۆ مایدەر، کە بەم دواییە کۆچی دوایی کرد.
لە رکابەرییەکی درێژخایەندا بۆ بەدەستهێنانی نازناوی گەشتەکەی ئەمساڵ لەنێوان هەردوو پایسکیلسواری یەکەم و دووەمی ریزبەندیی گشتیدا، ڤینگگارد بە 10 چرکە لە پێش پۆگاکارەوە دەمێنێتەوە.
وۆت پولسی هۆڵەندی توانی لە گەڕی 15 کە ماوەکەی 179 کیلۆمەترە بەر لە هەمووان هێڵی کۆتایی ببڕێت، کە لە لێس گێتسەوە دەستیپێکرد و لە سانت جێرڤایس مۆنت بلان کۆتاییهات،
ئەم گەڕە کۆمەڵێک رووداو و بەریەککەوتنی بەخۆیەوە بینی.
ئەمڕۆ دووشەممە رۆژی پشووە، بەر لەوەی سبەی سێشەممە تاقیکردنەوەیەکی کاتیی تاکەکەسی بەڕێوەبچێت، کە ئەگەری یەکلاکەرەوەی هەیە. دواتریش قۆناخێکی دیکە لە ئاڵپ رۆژی چوارشەممە بەڕێوەدەچێت.
پۆگاکار کە براوەی هەردوو گەشتی 2020 و 2021، لە لێدوانێکدا دووپاتیکردەوە کە بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی دوو قۆناخی داهاتوو دەکات، کە سەختترین و یەکلاییکەرەوەترین قۆناخن و دەیەوێ رکابەرییەکی بەهێز لەسەر نازناوی ئەمساڵ بکات. بەڵام ڤینگگاردیش، کە هەڵگری نازناوی ساڵی رابردووە، دەیەوێ هەموو شتێک بکات لەپێناو پارێزگاریکردن لە نازناوەکەی.



