نەورۆز نموونەی جوانییە

16-12-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن سامان وڵاتژێری یانەی نەورۆز
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی نەورۆز لە خولی ئەستێرەکانی عێراق یاریی دەکات، ئەو نوێنەری سلێمانییە، بەڵام خۆشەویستی هەموو هاندەرێکی تۆپی پێیە و هەموو ئەوانەی سەیری یارییەکانی ئەم وەرزەی رکابەرییەکانی خولەکەیان کردبێت، زۆرباش لەوە تێدەگەن کە یانەی نەورۆز چەند یانەیەکی جوانە لە خولەکەدا.
 
ساڵێک لەمەوبەر لە هەولێر یانەی نەورۆزم لە نزیکەوە بینی بۆ ئەوەی کار لەسەر نهێنی شێوازی کارکردنی یانەکە بکەم، لەوە تێگەیشتم کە یانەکە چەند بە ئارامی و بەرپرسیارەتییەوە کارەکانی دەکات، لەوە تێگەیشتم کارکردنی یانەکە بۆ ئەنجامدانی گرێبەستکردن لەگەڵ یاریزانەکان بەتایبەتیش گواستنەوەی یاریزانی پیشەگەر چەند جوان و گرنگە و کاردانەوەکانیشی چین، کە ئێستا بە روونی دەیانبینین.
 
نەورۆز لەوەتەی لە خولی عێراق یاریی دەکات بە ئارامییەوە کاردەکات، راهێنەرێکی کوردی وەک وەلی کەریم ئەو ئەزموونەی هەیەتی وەکو باوکێک بە یاریزانەکانی دەڵێتەوە، ئەو لە هەمووان نزیکە و هەمووان لەوەوە نزیکن، لەوەش کاریگەرتر و باشتر ئەو پەیوەندییە بەهێزەیە کە لەنێوان یاریدەدەرەکانی و کارگێڕیی یانەکە هەیەتی، بۆ ئەوەی یانەکە بەم باشییەی ئێستاوە دەربکەوێت.
 
کە دەڵێم نەورۆز نموونەی جوانییە، مەبەستمە سەرنجی تۆی خوێنەر بۆ یارییەکانی ئەو یانەیە رابکێشم، کاتێک یارییەکانی دەبینیت تێدەگەی بۆچی ئەم یانەیە جوانە و جوانییەکەی چییە؟ ئاخر تیپە کوردستانییە بەشدارەکەی خولی ئەستێرەکانی عێراق، لە پاڵ هەموو ئاستەنگانەی بەر هۆکارێک خراونەتە بەردەمی توانیوویەتی باشترین ئاست پێشکێش بکات، بەڵام لە هەمووی سەرنجڕاکێشتر بۆ من ئەوەیە کە یانەکە یارییەکی هێندە جوان دەکات، هێندە تێگەیشتنێکی باش لەنێو یاریزانەکاندا هەیە، شێوازی یارییکردنی یانەکە روون و دیارە، کاتێکیش دەدۆڕێت بە رێزەوە دەدۆڕێت، هەموو ئەوانەشی بۆ یارییکردن بەرامبەر یانەکە دەچنە سلێمانی بە ترسەوە دەڕۆن و بەیەکسانبوون رازین.
 
ئەم نەورۆزەی لە سلێمانییەوە بەشداری لە خولی عێراقدا دەکات، پیشەگەرەکانی لە سێ وەرزی رابردوودا لە باشترینەکانی عێراق بوونە، هۆکارەکەشی ئەوەیە ئەوان هەر لە خۆیەوە یاریزان ناگوازنەوە، گرێبەستکردن لەگەڵ یاریزان لەسەر بنەمای سادە نین و بۆ بەرژەوەندی نین، ئەوان هەر بە بینینی ڤیدیۆیەکی یوتیوب یاریزان ناگوازنەوە، ئەوان هەر قسەی ئەم و ئەو پارەی یانەکەیان تەخشان و پەخشان ناکەن، ئەوان یاریزانێک ناهێنن 6 یاری بکات و گۆڵی تیپی بەرامبەر نەدۆزێتەوە.
 
شتێکی دیکە بۆ من لە یانەی نەورۆزدا جێگەی سەرنجە و زۆر پێی دڵخۆشم، ئەویش بوونی هەموو ئەو یاریزانە کوردەیە کە لە یانەکەدا یاریی دەکەن، لەنێو هەموو ئەو پیشەگەرانەی یانەکە هەیەتی محەممەد سامی لێدانی سزا جێبەجێ دەکات، محەممەد دلاوەر باشترین ئاست پێشکێشدەکات و دیار یاخی بە مانای وشە سەرکردەی تیپەکە و راهێنەری نێو یاریگەیە.
 
ناکرێ قسەکانم تەواوبکەم و باسی ئەو تێگەیشتن و پەیوەندییە باشەی نەورۆز نەکەم لەگەڵ میدیاکان، کارگێڕیی تیپەکە و راهێنەری یانەکەش هێندە کارەکەیان خۆشدەوێت و دەیانەوێت لای هاندەرانیان ببینرێت، هەرگیز نەبووە پەیوەندییان پێوەبکەیت و وەڵامت نەدەنەوە، کاتێکیش وەڵام نادەنەوە خۆیان پەیوەندیت پێوەدەکەن، هۆکارەکەشی تەنیا یەک رستەیە "نەورۆز لە پێش هەمووان."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە