بەهۆی یاریزانێکەوە، ناکۆکی کەوتووەتە نێوان ئەنچیلۆتی و داڤیدی کوڕی

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یانەی ریال مەدرید کارلۆ ئەنچیلۆتی داڤیدی ئەنچیلۆتی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوە رۆژنامەڤانییە ئیسپانییەکان ئاشکرایانکردووە، ئاست و بەشداریکردنی یاریزانێکی ریال مەدرید، ناکۆکی لە نێوان کارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەری ریال مەدرید و داڤیدی کوڕی و یاریدەدەری دروستکردووە.
 
'رادیۆ مارکا' دەڵێ، ئاردا گولەر بووەتە هۆکاری سەرهەڵدانی ناکۆکی لە نێوان باوک و کوڕدا.
 
بەپێی ئەوەی رادیۆکە ئاشکرایکردووە، داڤیدی پێیوایە کە ئاردا گولەر شایستەی ئەوەیە یاریزانی سەرەکی بێت لە پێکهاتەکەی ریال مەدرید، لە کاتێکدا کارلۆ ئەنچیلۆتی هەمان بۆچوونی نییە.
 
راپۆرتی رادیۆکە دەڵێ، مشتومڕ لەنێو دەستەی راهێنەرانی ریال مەدرید لەبارەی گولەرەوە سەریهەڵداوە، لە کاتێکدا ئەو یاریزانە لە دوو یاریدا کاتێک بەسەرەکی یارییکردووە، ئاستی وەک پێویست نەبوو.
 
گولەر لە وەرزی ئەمساڵدا، بەشداری لە دە یاریی ریال مەدریدا کردووە و کۆی ماوەی یارییکردنەکەی 291 خولەک بووە، نە ئەسیستی کردووە نە گۆڵیشی تۆمارکردووە.
 
گۆلەر لە دوایین یاریی هەڵبژاردەی تورکیا لە نەیشنسلیگ بەرامبەر ئایسلەندا، گۆڵێکی تۆمارکرد و ئەوە یەکەمین گۆڵی ئەو یاریزانە بوو لە وەرزی ئەمساڵدا.
 
گولەر کە لە هاوینی 2023 پەیوەندی بەریال مەدریدەوە کرد، تاوەکو ئێستا شوێنی خۆی لە پێکهاتەی سەرەکیی ریال مەدرید نەکردووەتەوە و لە وەرزی یەکەمیشیدا لەگەڵ ریال مەدرید دووچاری پێکانی درێژخایەن بوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە