رووداو دیجیتاڵ
یانەی ریال مەدرید جارێکی دیکە براهیم دیازی بەشێوەی خواستن دایەوە ئەیسی میلان.
هەردوو یانەی ریال مەدرید و ئەیسی میلان لەسەر ئەوە رێککەوتن کە براهیم دیاز بۆ وەرزی داهاتووش لە ریزەکانی رۆسۆنێری بێت، بەڵام بەشێوەی خواستن.
رۆژنامەی سکای سپۆرتی ئیتاڵی بڵاویکردووەتەوە، کە ئەیسی میلان بۆ ماوەی دوو ساڵ براهیم دیازی گواستووەتەوە یانەکە و ئەو یاریزانە وەرزی داهاتوو لە مەدرید نابێت.
ئەیسی میلان لە کاتی رێکەوتنەکە داوای لە یانە شاهانەکە کردووە کە بەیەکجاری دەستبەرداری ئەو یاریزانە بن و گرێبەستەکە بکرێتە هەمیشەیی نەک خواستن، بەڵام یانە ئیسپانییەکە ئەمەی رەتکردووەتەوە.
دیاز ئیسپانییە و تەمەنی 21 ساڵە، لە ساڵی 2016 بۆ ماوەی سێ ساڵ لە یانەی مانچێستەر سیتی بووە، دواتر پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە کردووە و راستەوخۆ بەشێوەی خواستن یاری بۆ ئەیسی میلان کردووە.
دیاز تاوەکو ئێستا لە هەرسێ یانەدا 47 یاریکردووە و تەنیا پێنج گۆڵی تۆمارکردووە، پێشتریش لە سەرجەم ئاستەکانی هەڵبژاردەی ئیسپانیا یاریکردووە و ئەمساڵیش لە یارییەکدا بانگهێشتی لارۆخا کراوە و لەو یارییەشدا گۆڵێکی کردووە.




