رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئارسیناڵ بۆ جاری دووەم و بە دەستەوارەیەکی نوێوە دەیەوێت یەکێک لە پاڵەوانانی یۆرۆ بگوازێتەوە یانەکەی.
یانەی ئارسیناڵ دەیەوێت بە هەرجۆرێک بێت لەم هاوینەدا گرێبەست لەگەڵ مانوێل لۆکاتێلی یاریزانی یانەی ساسۆلۆ واژۆبکات و ئەمە دووەمجارە دەستەوارەی پێشکێشدەکات.
چەند رۆژێک پێش ئێستا گانەرز یەکەم دەستەوارەی بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە ئیتاڵیا پێشکێشی یانەی ساسۆلۆ کرد و هەر زوو رەتکرایەوە، ئێستا یانەکە دەستەوارەی دووەمی ئامادەکردووە و دەیەوێت بە 40 ملیۆن پاوەند لۆکاتێلی بباتە یانەکەی.
لۆکاتێلی لە وەرزی رابردوودا ئاستێکی بەرزی پێشکێشکردوو و لە یۆرۆشدا بە بەرزترین ئاستەوە دەرکەوت و بووە جێی سەرنجی زۆرێک لە یانەکان.
یانەی ساسۆلۆ رایگەیاندووە، تاوەکو ئێستا تەنیا یانەی ئارسیناڵ دەستەوارەی فەرمی پێشکێشی ئەو یاریزانە کردووە، ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەو یاریزانە لەلایەن چەند یانەیەکی دیکەوە داواکراوە، لەسەروو هەموویانەوە یانەی یوڤێنتوس، بەڵام کارگێڕی خانمە پیرەکە بێدەنگە و هیچ دەستەوارەیەکیان پێشکێش نەکردووە، ئەمە جگە لەوەی دەگوترێ یوڤێ نزیکترین یانەیە لە گواستنەوەی مانوێل.
پێشتریش سەبارەت بە گرنگیپێدانی بیانکۆنێری لۆکاتێلی گوتبووی، دڵخۆشم و شانازییە بۆمن یانەیەکی وەکو یوڤینتوس گرنگیم پێبدات، ئەمەش ئاماژەکانی چوونی ئەو یاریزانەیان بۆ یوڤێنتوس زیاتر کرد، بەڵا ئێستا ئارسیناڵ نزیکە لە رێکەوتن لەگەڵ پاڵەوانەکەی یۆرۆ.




