رووداو دیجیتاڵ
یانەی یوڤێنتوس هەوڵەکانی بۆ گواستنەوە گابریێل خیسۆس دەستپێکردووە و رێککەوتنی کۆتاییش نزیکە.
رۆژنامەکانی بەریتانیا بڵاویانکردووەتەوە، یانەی یوڤێنتوس بە جیددی کار بۆ گواستنەوەی گابریێل خیسۆسی بەرازیلی و هێرشبەری یانەی مانچێستەر سیتی دەکات و هەردوولا لە رێکەوتنی کۆتایی نزیکبوونەتەوە.
پێشکۆتاییهاتنی یارییەکانی وەرزی رابردوو، مانچێستەر سیتی ئامادەیی خۆی پێشاندابوو بە دەستبەرداربوون لە خیسۆس و گواستنەوەی یاریزانێکی سووپەر بۆ یانەکە، ئێستا یوڤێ بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە لەسەر هێڵە و سیتیزنیش رێگر نابێت لەم گرێبەستە.
یانە ئیتاڵییەکە ئامادەیی خۆی پێشانداوە 30 ملیۆن یۆرۆ بداتە یانە ئینگلیزییەکە بۆ دەستبەردابوون لە هێرشبەرە بەرازیلییەکە، هەردوولاش لە رێکەوتنی کۆتایی نزیکن و ئەگەر هەیە لە کۆتاییەکانی ئەم مانگە هاتنی خیسۆس بۆ یوڤێنتوس رابگەیەنرێت.
خیسۆس لە مانچێستەر سیتی سەرەتا یاریزانی سەرەکی بوو، بەڵام بەهۆی ناجێگیری ئاستییەوە زۆربەی جار وەکو یاریزانی یەدەگ پشتی پێدەبەسترا، ئەمە جیا لەوەی کە پێپ گواردیۆلای راهێنەری مانچێستەر سیتی پلانەکانی یانەکەی گۆڕیبوو، لە زۆربەی یارییەکاندا بەبێ یاریزانی سەرەڕم یاریدەکرد.
پلانی ئێستای پاڵەوانانی ئینگلتەراش ئەوەیە گرێبەست لەگەل هاری کەین بە پلانی A، هەروەها رۆبێرت لێڤاندۆڤسکی بە پلان B، و ئانتوان گریزمان بە پلان C واژۆبکەن.




