سەرۆکی ئاتلێتیکۆ مەدرید پشتگیریی سوپەرلیگ دەکات و گومانی لە دۆسێی نیگرێرا هەیە

15-11-2023
ئاسوودە پێشەوا
نیشانەکردن دۆسێی نیگرێرا خولی سوپەرلیگ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی یانەی ئاتلێتیکۆ مەدریدی ئیسپانی، پشتگیری خۆی بۆ سوپەرلیگ دووپاتکردەوە و گومانی لەبارەی پارەپێدانی یانەی بارسێلۆنا بە نیگرێرای جێگری سەرۆکی لیژنەی ناوبژیوانانی لالیگا دەربڕی.
 
ئێنریکێ سێرێزۆ، سەرۆکی یانەی ئاتلێتیکۆ مەدریدی ئیسپانی لە بەرنامەیەکی رادیۆییدا، هەڵوەستەی لەسەر زۆر بابەتی جیاواز لەبارەی تۆپی پێ لە ئیسپانیا دەربڕی، ئەو گوتی، پارەپێدانی یانەی بارسێلۆنا بەنیگرێرا، دەبێ "مەبەستێکی لەپشتەوە بێت".
 
سێرێزۆ ستایشی ئاستی باشی یانەکەی دەکات و دەڵێت "ئاتلێتیکۆ مەدرید بە باشترین ساتەکانی مێژوویدا تێدەپەڕێت و ئەگەر هیچ شتێکی خراپ روونەدات، هەلی ئەوەمان هەیە جارێكی دیکە ببینەوە بەپاڵەوانی لالیگا".
 
سەرۆکی یانە ئیسپانییەکە، خۆشحاڵیی خۆی بەنوێکردنەوەی گرێبەستی دیێگۆ سیمیۆنی راهێنەری یانەکەی دەربڕی و ئەوی بەسێر ئەلێکس فێرگسۆنی، راهێنەری مێژوویی یانەی مانچێستەر یونایتد بەراورد کرد. 
 
سیریزۆ دەڵێ "لەوکاتەوەی سیمیۆنی هاتووەتە یانەکەمان، هەموو شتێك بەباشی بەڕێوەدەچێت. ئێمە دوو نازناوی لالیگامان بەدەستهێناوە کە ئەمە شتێکی زۆر قورسە".
 
لەبارەی ئەو هەواڵانەی باس لە پێدانی بەرزترین مووچە بەدیێگۆ سیمیۆنی دەکەن، سەرۆکی ئاتلێتیکۆ کارەکە بەڕەوا دادەنێت، پێیوایە "ئەو زۆرترین مووچەی هەیە بەراورد بە راهێنەرانی دیکە و شایستەی ئەو پارەیەیە کە وەریدەگرێت، چونکە ئەو قازانجە ئابوورییەی بەئێمەی بەخشیووە زۆر لەوە زیاترە کە بۆخۆی بەدەستیهێناوە. ئەو باشترین راهێنەری مێژووی یانەکەمانە و ماوەی 12 ساڵە لەگەڵمان ماوەتەوە و ئەوەش وەك چیرۆکی ئەلێکس فێرگسۆنە لەگەڵ مانچێستەر یونایتد، کە چیرۆکێکی زۆر جوان و سەرنجڕاکێشە".
 
لەبارەی دۆسێی نێگرێراوە کە تێیدا یانەی بارسێلۆنا تۆمەتبارکراوە بەگەندەڵی وەرزشی و بەرتیلدان بەناوبژیوانانی لالیگا، سەرۆکی ئاتلێتیکۆ مەدرید، داوا دەکات لێکۆڵینەوەی زیاتر لە دۆسێیەکە بکرێت و دەڵێت "دۆسێی نێگرێرا زۆر بێزارکەرە. دەبێت تاوەکو کۆتایی چاوەڕێ بکەین بۆ ئەوەی راستیی رووداوەکە بزانین. بەڵام بارسێلۆنا چەندین ملیۆن یۆرۆیان بەو داوە و دەبێت مەبەستێکیان لەمکارەدا هەبێت".
 
سێرێزۆ پشتگیری خۆی بۆ سوپەرلیگ دووپاتکردەوە، دەڵێت "پێموایە سوپەرلیگ کاریگەرییەکی باشی لەسەر تۆپی پێی ئیسپانیا دەبێت، چونکە نەبوونی سوپەرلیگ واتای سەرکەوتنی ئینگلیزەکان، بەڵگەی ئەمەش ئەوەیە ئەوان، هەموو باشترین یاریزانەکانی جیهانیان بۆخۆیان بردووە و ئێمە سوپەرلیگمان بەجێهێشت چونکە نەماندەویست یۆفا سزامان بدات". 
 
پێشتر لەگەڵ راگەیاندنی پڕۆژەی سوپەرلیگ لەلایەن ژمارەیەک یانەی ئەوروپاوە، یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید، یەکێکبوو لەو یانانەی پشتگیری بۆ دروستکردنی خولەکە دەربڕی، بەڵام دواتر وەک زۆر یانەی دیکە، لەژێر گوشاری فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپادا، پاشەکشەی لە بیرۆکەی ئەنجامدان و پشتگیری پڕۆژەکە کرد.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە