چاڤی: رکابەری لەسەر چامپیۆنزلیگ و لالیگا دەکەین

15-01-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن چاڤی هێرناندێز بارسێلۆنا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا دانی بەوەدانا کە تیپەکەی خراپترین یاریی ئەنجامداوە، دوای دۆڕانی بە یانەی ریال مەدرید بە ئەنجامی 4-1. گوتیشی "رکابەریکردنی ریال مەدرید قورسە و بارسا بەرەو ئاراستەیەکی هەڵە دەڕوات".
 
ریال مەدرید نازناوی جامی سوپەری ئیسپانیای لەسەر حیسابی بارسێلۆنا بەدەستهێنا، کە یارییەکە لە یاریگەی ئەلئەول پارک لە ریازی پایتەختی سعودیە بەڕێوەچوو.
 
چاڤی لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەکە، رایگەیاند "هەست بە نائومێدی و دڵتەنگی دەکەین، جێگەی داخە، پڕبووین لە هیوا و جۆش و خرۆش، دواتر خراپترین یاریمان ئەنجامدا".
 
ئاماژەی بەوەشکرد، یارییەکەمان زۆر بە خراپی دەستپێکرد، دوای گۆڵی سێیەمیش خراپتر بووین، لە هیچ کاتێکدا ئاسوودە نەبووین، دەبێت داوایلێبوردن لە هاندەران بکەین، چونکە رکابەریکردن لەگەڵ ریال مەدرید بۆ ئێمە قورس بوو.
 
لە درێژەی قسەکانیدا، راهێنەری بارسا گوتی "لە ماوەی ژیانی وەرزشیمدا تووشی شکستی زۆر بووم و لە کۆتاییدا چاک بووینەوە، بارسێلۆنا دەگەڕێتەوە".
 
چاڤی زیاتر گوتی "بەدڵنیاییەوە رۆژانی سەخت دەبن، و رەخنەیەکی زۆریشمان لێدەگیرێت و دەبێت قبوڵیان بکەین. بەداخەوە نەگەیشتووینەتە ئەو ئاستەی کە دەمانەوێت، بەڵام دەبێت خۆمان چاک بکەینەوە و بیر لەو نازناوانەی کە ماونەتەوە بکەینەوە".
 
جەختیشی لەوە کردەوە "لە هێڵی بەرگریدا زۆر خراپ بووین، لە گوشاردروستکردن لەسەر بەرامبەر باش نەبووین، لە 10 خولەکی یەکەمیشدا مەترسیمان دروست نەکرد، تاکە کاردانەوەمان گۆڵی لیڤاندۆڤسکی بوو".
 
راهێنەری بارسا روونیشیکردەوە "ریال مەدرید دەیزانی چۆن خێرایی ڤینیسیۆس و رۆدریگۆ تا ئەوپەڕی بقۆزێتەوە".
 
لە درێژەی قسەکانیدا، چاڤی دووپاتیکردەوە "دەبێت رکابەری لەسەر سێ نازناوەکەی دیکە بکەین، تاوەکو ئەمڕۆش یانەکەمان ناتوانێت هیچ گرێبەستێک بکات بۆ ئەوەی بازدانێکی کوالیتی بە تیپەکە بدات".
 
لە کۆتاییدا گوتیشی "ساڵێک لەمەوبەر بە متمانەوە باسمان لە سەردەمێکی نوێ دەکرد، بەڵام ئێستا شتەکان بە ئاراستەیەکی هەڵەدا دەڕۆن، بەڵام دەبێت گۆڕانکارییەک بکەین".
 
ئەمە 13ـەمین جاربوو ریال مەدرید جامی سوپەر بباتەوە و  جیاوازی لەگەڵ بارسێلۆنا بۆ تەنیا نازناوێک کەمکردەوە، کە بارسا 14 نازناوی جامی سوپەری هەیە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە