رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە، پاولۆ فۆنسێکا، راهێنەری یانەی میلان خۆی ئامادەکردووە بۆ کۆبوونەوەی تاکانە لەگەڵ چەند یاریزانێکی یانەکەی، تاوەکو هانیان بدات ئاستی خۆیان باش بکەن و خۆیان لەو هەڵانە بپارێزن کە لە ماوەی رابردوودا تێی کەوتوون.
لەماوەی رابردوودا، ناکۆکی لە نێوان فۆنسێکا و ژمارەیەک یاریزانی میلاندا سەریهەڵدا، پاشئەوەی ئەو راهێنەرە رەخنەی لە ئاستی یاریزانەکانی گرت، پاشبردنەوەی زەحمەتیان لە رێدستاری سڕبی، لە چامپیۆنزلیگ.
رۆژنامەی 'لاگازێتا دێلۆ سپۆرت'ی ئیتاڵی ئاشکرایکردووە، فۆنسێکا، دڵخۆش نییە بەئاستی هەریەکە لە کالابریا، تومۆری، لۆفتس چیک و تیۆ هێرناندێز.
سەرچاوەکە دەڵێ، راهێنەرە پۆرتوگالییەکە پێنجشەممەی پێشوو، رووبەڕوو بە تیۆ هێرناندێزی گوتووە هەڵەی زۆرە و دەبێ هەڵەکانی چاک بکاتەوە، هەروەها داوای لێکردووە، واز لە کێشەکانی دەرەوە یاریگە بهێنێت و تەنیا سەرنجی لەسەر میلان بێت.
تیۆ لەو رووبەڕووبوونەوەیەدا لەگەڵ راهێنەرەکەی، دانیبەوەداناوە کە لە ماوەی رابردوودا لە باشترین ئاستی خۆیدا نەبووە، هەربۆیە وەک رۆژنامەکە ئاشكرایکردووە، ئەو یاریزانە لە یارییەکەی جێنوادا لەسەر کورسیی یەدەگ دەبێت.
بەپێی رۆژنامەکە، تیۆ تاکە یاریزان نییە کە فۆنسێکا ئاستی بەدڵ نییە، بەڵکو کالابریاش کێشەی لەگەڵ راهێنەرەکەی هەیە و لە دوایین یاریدا، ئەو یاریزانە ئامادەنەبوو پاش یارییەکە، سڵاو لە فۆنسێکا بکات، لە کاتێکدا تۆمۆری کارتی زەردی وەرگرت، پاشئەوەی لە کاتی خۆگەرمکردندا بۆ یاری ناڕەزایەتی دەربڕی و بەهۆیەوە لە یاریی داهاتووی میلان لە چامپیۆنزلیگ، بێبەش دەبێت.
رۆژنامەکە هەروەها دەڵێ، "لوفتۆس چیک، لە مانگی دەوە شوێنی سەرەکیی خۆی لە پێکهاتەکەی میلان لەدەستداوە، پاشئەوەی لە یارییەکەی فیۆرێنتینادا، قسەی راهێنەرەکەی شکاند و لەبری پۆلیسیچ، لێدانی سزای دا بە ئابراهام".
میلان لە وەرزی ئەمساڵی سێری ئادا تاوەکو ئێستا 14 یاریی ئەنجامداوە و لە پلەی حەوتەمی ریزبەندی خولەکەیە بەبەدەستهێنانی 22 خاڵ و دوانزە خاڵ لە ئاتاڵانتای پێشەنگەوە دوورە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ