رووداو دیجیتاڵ
قۆناخی کۆمەڵەکانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا کۆتاییهات و بەشێك لە یانە گەورەکانی ئەوروپا نەیانتوانی پێشەنگی کۆمەڵەکانیان بەدەستبهێنن و بە پلەی دووەم سەرکەوتن، ئەمەش وادەکات لە قۆناخی 16ـی خولەکەدا چەندین رووبەڕووبوونەوەی بەهێز و سەرنجراكێش ببینین.
ئەو یانانەی بە یەکەمی کۆمەڵەکانیان سەرکەوتوون و لە ئاستی یەکەمن:
بایرن میونشن
ئارسیناڵ
ریال مەدرید
ریال سۆسیداد
ئاتلێتیکۆ مەدرید
بۆرووسیا دۆرتموند
مانچێستەر سیتی
بارسێلۆنا
ئەو یانانەی بە دووەمی کۆمەڵەکانیان سەرکەوتوون و لە ئاستی دووەمن:
کۆپێنهاگن
ئایندهۆڤن
ناپۆلی
ئینتەر میلان
لازیۆ
پاریس سانجێرمان
لایپزیگ
پۆرتۆ
کاتی تیروپشکی قۆناخی 16 و بەرواری ئەنجامدانی یارییەکان
رۆژی دوو شەممە 18-12-2023 کاژێر 14:00 تیروپشکی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ ئەنجامدەدرێت و یارییەکانی ئەو قۆناخە بەسەر چوار هەفتەدا دابەشدەبن، یارییەکانی چوون لە رۆژانی 13، 14، 20، 21ـی مانگی 2ـی ساڵی داهاتوو ئەنجامدەدرێن و یارییەکانی گەڕانەوەش لە رۆژانی 5، 6، 12، 13ـی مانگی 3ـی هەمان ساڵدا بەڕێوەدەچن.
شێوازی تیروپشکەکە چۆنە؟
ناوی یانەکان دەکرێنە نێو 16 تۆپی بچووك و یانەکانی ئاستی یەکەم لە ئاستی دووەم جیادەکرێنەوە و دەخرێنە نێو دوو سەبەتەی جیاوازەوە، سەرەتا یانەیەکی ئاستی یەکەم رادەکێشرێت و دواتر لە سەبەتەکەی دیکە یانەیەکی ئاستی دووەم رادەکێشرێت و ئەو دوو یانەیە لە قۆناخی 16 رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە، بەڵام دوو یانەی یەك وڵات رووبەڕووی یەکدی نابنەوە، بۆ نموونە سەرەڕای ئەوەی بایرن میونشن لە ئاستی یەکەمە و لایپزیگ لە ئاستی دووەمە، ئەم دوو یانەیە رووبەڕووی یەکدی نابنەوە چونکە هەردوو یانەکە ئەڵمانین و بەشداری لە خولی ئەڵمانیدا دەکەن.
هەروەها ئەگەر دوو یانە لە یەك کۆمەڵەدا بووبن بەریەك ناکەون، بۆ نموونە بۆرووسیا دۆرتموندی ئاستی یەکەم رووبەڕووی پاریس سانجێرمانی ئاستی دووەم نابێتەوە چونکە ئەم دوو یانەیە لە یەك کۆمەڵەدا بوون و لە قۆناخی 16 جارێکی دیکە بەریەك ناکەون.
ئەو یارییە بەهێزانەی ئەگەری هەیە لە قۆناخی داهاتوو ئەنجامبدرێن
بەشێك لە یانە گەورەکانی ئەوروپا بە دووەمی کۆمەڵەکەیان سەرکەوتوون و ئەمەش ئەگەری ئەوە دێنێتە ئاراوە لە قۆناخی 16 چەندین رووبەڕووبوونەوەی بەهێز ببینین، هەمووان چاوەڕێی ئەوەن بزانن پاریس سانجێرمان لە قۆناخی داهاتوو رووبەڕووی کام زلزهێزی ئەوروپا دەبێتەوە، یانە پاریسییەکە لە دوایین یاریی خۆی لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا نەیتوانی بەرامبەر دۆرتموند بردنەوە بەدەستبهێنێت و وەك دووەمی کۆمەڵەکەی سەرکەوتووە، بۆیە لە قۆناخی داهاتوودا ئەرکی قورسە و رووبەڕووی یەکێك لە یانەکانی ئاستی یەکەم (جگە لە دۆرتموند) دەبێتەوە، بۆ نموونە دەکرێت پاریس سانجێرمان بەرامبەر ریال مەدرید، بارسێلۆنا، بایرن میونشن یان مانچێستەر سیتی یاریی بکات.
ئینتەر میلان یانەیەکی دیکەی گەورەیە کە بە دووەمی کۆمەڵەکەی سەرکەوتووە و لە قۆناخی داهاتوو ئەرکی قورس دەبێت و یارییەکی بەهێز چاوەڕێی دەکات، بەڵام بەر ریال سۆسیداد ناکەوێت چونکە لە یەك کۆمەڵەدا بوون، ناپۆلی هاونیشتیمانیشی بە هەمان شێوە رووبەڕووی یانەیەکی ئاستی یەکەم دەبێتەوە، کە هەموو ئەگەرەکانی بەردەمی کراوە دەبن، جگە لە رووبەڕووبوونەوەی ریال مەدرید کە لە کۆمەڵەکەی خۆیدابوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ