رووداو دیجیتاڵ
کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی فەرەنسی یانەی پاریس سانجێرمان، لە لێدوانێکی نوێدا باسی لیۆنێل مێسی، کریستیانۆ رۆناڵدۆ و ریال مەدرید دەکات و دەڵێت "نەمگوتووە بمفرۆشنە ریال مەدرید". هەروەها دەشڵێت "فەرەنسییەکان رێزیان لە مێسی نەگرت".
بابەتی کیلیان ئێمباپێی گەرمترین بابەتی ئێستای میدیاکانە، دوای ئەوەی یاریزانەکە نیازی خۆی سەبارەت بە داهاتووی لە پارکی شازادەکان ئاشکرا کرد.
ئێمباپێ لە لێدوانێکی نوێدا بۆ رۆژنامەی لاگازێتا دیلۆ سپۆرتی ئیتاڵی، رەتیکردەوە داوایکردبێت بچێتە ریال مەدرید و گوتی "من نەمگوتووە دەمەوێت بمفرۆشم بە ریال مەدرید، یان دەمەوێت لە پاریس بڕۆم".
کیلیان زیاتر گوتی "تەنیا پشتڕاستم کردووەتەوە کە بڕگەی زیادکردنی ساڵێک لە گرێبەستی ئێستام کارا ناکەمەوە".
گۆڵکاری مێژوویی یانەی پاریس سانجێرمان، دووپاتیکردەوە کە هەرگیز لەگەڵ کارگێڕیی یانەکەی قسەی لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی نەکردووە، بەڵام وەکخۆی گوتی "دڵخۆشم کە وەرزی داهاتوو لێرە بمێنمەوە".
ئێمباپێ لە لێدوانەکانیدا، باسی لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی کرد، کە دوای دوو ساڵ یاریکردن هاوشانی ئێمباپێ، بڕیاریدا لە پاریس بڕوات و لەو بارەیەوە گوتی "تێنەگەیشتم بۆچی خەڵک دڵخۆش بوون بەوەی لیۆ مێسی یانەکەی جێهێشت، ئەو ئەفسانەیە، شایەنی رێزگرتنە".
ئەو زیاتر لەبارەی مێسییەوە گوتی "رۆیشتنی مێسی لە پاریس هەواڵێکی خراپ بوو. ئەو رێزەی کە شایەنی بوو لە فەرەنسا بەدەستی نەهێنا. ئەوە شەرمەزارییە، بەڵام ئەوە واقیعەکەیە و دەبێت ئەوەی لە تواناماندا بێت بیکەین بۆ گۆڕینی".
ئەمجارە کیلیان باسی کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پۆرتوگالیشی کرد و گوتی "من بە بەختم کە بەرامبەر کریستیانۆ یاریم کرد و دواتر لەگەڵ مێسی و دژی ئەوان یاریم کرد، بەڕاستی ئەوان تایبەتن، زۆر شتیان لێ فێربووم، بەتایبەت لەگەڵ مێسی لەم دوو ساڵەدا. ئەوان مێژووی تۆپی پێیان نووسی، ئەوان نەمرن".
بەگوێرەی لێدوانەکانی کیلیان ئێمباپێی تەمەن 24 ساڵ، گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان لە هاوینی 2024 کۆتایی دێت، ئەمەش هەڕەشەی ئەوە لەسەر بەرپرسانی یانە فەرەنسییەکە دروست دەکات کە کیلیان بەبێ بەرامبەر ریزەکانی جێدەهێڵێت، ئەگەر لەم هاوینەدا نەیفرۆشن، چونکە لە مانگی یەکی داهاتووەوە مافی ئەوەی دەبێت گرێبەست لەگەڵ هەر تیپێک بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ