ئارسیناڵ داوای ئەستێرەیەکی ریال مەدرید دەکات

14-03-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ریال مەدرید ئارسیناڵ گواستنەوەی یاریزانان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی چاوی لە ئەستێرەیەکی ریال مەدریدە و دەیەوێت لە گواستنەوەی هاوینی داهاتوودا هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی چڕبکاتەوە.
 
بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی، یانەی ئارسیناڵ لەسەر داوای میکێل ئارتێتا، راهێنەری یانەکە هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی براهیم دیاز، ئەستێرەی لاوی یانەی دەستپێدەکات و ئامادەیە 65 ملیۆن یۆرۆ لەبەرامبەر ئەو یاریزانە بداتە یانەی شاهانە.
 
بەپێی رۆژنامەکە، دیاز ئامانجی لە پێشینەی ئارسیناڵە، بەتایبەت کە میکێل ئارتێتا سەوداسەری گواستنەوەی ئەو یاریزانەیە و دەیەوێت لە تیپەکەیدا بێت.
 
دیاز پێشتر لە پرێمەرلیگ ماوەیەک لە مانچێسوتەر سیتی یارییکردووە، کە ئەو کاتە ئارتێتا یاریدەدەری پێپ گواردیۆلا بوو، راهێنەرە لاوە ئیسپانییەکە بەباشی لە توانای ئەو یاریزانە تێدەگات و دەیەوێت هاوینی داهاتوو بۆ بەهێزکردنی هێڵی پێشەوەی یانەکەی گرێبەستی لەگەڵ بکات.
 
دیاز گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی ریال مەدرید تاوەکو هاوینی 2027 بەردەوامدەبێت، زەحمەتە یانە ئیسپانییەکە بە ئاسانی دەستبەرداری ئەو یاریزانە ببێت، بەتایبەت کە لەسەر داوای کارلۆ ئەنچێلۆتی، یاریزانەکە لە میلانەوە گەڕێندراوەتەوە نێو تیپەکە.
 
ئارسیناڵ لە کاتێکدا ئامادەیە پارەیەکی زۆر بە گواستنەوەی یاریزانەکە بدات، کە نرخی ئێستای لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا 20 ملیۆن یۆرۆیە.



کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە