کارەساتێکی گەورە بۆ مانچێستەر یونایتد

13-12-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن مانچێستەر یونایتد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی بە خراپترین کاتەکانیدا تێدەپەڕێت و لە قۆناخی یەکەمی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپادا ماڵئاوایی لە رکابەرییەکە کرد.
 
شەوی سێشەممە دوای ئەنجامدانی دوایین گەڕی قۆناخی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگ، یانەی مانچێستەر یونایتد بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بایرن میونشن دۆڕا، یانەکە نەگەیشتە قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ و هەلی سەرکەوتنی بۆ یۆرۆپالیگیش لەدەستدا.
 
مێژوویەک پڕ لە ریکۆردی خراپ
 
دوای یارییەکە مان یونایتد مێژووییەکی خراپی تۆمارکرد، یانەکە دەبێتە یەکەم یانەی ئینگلیزی دووجار لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا پلەی کۆتایی ریزبەندی کۆمەڵەکەی بەدەستبهێنێت، دوای ئەوەی لە وەرزی 2005-2006 بەهەمان شێوە لە پلەی چوارەم بوو و نەگەیشتە قۆناخی شازدە.
 
جگە لەوە لەم وەرزەی چامپیۆنزلیگدا، مانچێستەر یونایتد یەکێک لە خراپترین هێڵە بەرگرییەکانی هەبوو لەنێو یانە بەشدارەکاندا و 15 گۆڵی لە 6 یارییدا لێکرا، بەرێژەی 2.5 گۆڵ بۆ هەر یارییەک، کە ئەمەش بۆ یانەیەکی گەورەی وەکو مان یونایتد مێژووییەکی خراپ و لەبیرنەکراو دەبێت بۆ هاندەرانی.
 
هەر هێندە نا، بەو 15 گۆڵەی لە مانچێستەر یونایتد کران، یانەکە دەبێتە یەکەم یانەی پرێمەرلیگ لە مێژووی چامپیۆنزلیگدا لە قۆناخی یەکەمدا ئەو ژمارە زۆرەی گۆڵی لێبکرێت.


بەپێی تۆڕی ئۆپتا بۆ ئامارەکان، یانەی مانچێستەر یونایتد لەو کاتەوەی سێر ئەلێکس فێرگسۆن وەکو راهێنەری یانەکە نەماوە، لە دوایین 7 وەرزی چامپیۆنزلیگدا یانەکە سێ جار لە قۆناخی کۆمەڵەکان کراوەتە دەرەوە، کە ئەمە یەکسانە بە 18 وەرزی کارکردنی فێرگسۆن لەگەڵ یانەکە وەکو راهێنەر.
 
مانچێستەر یونایتد لەم وەرزەدا لە سەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا، 12 یاریی لە 24 یارییدا دۆڕاندووە، ئەمەش یەکسانە بە ژمارەی دۆڕانەکانی یانەکە بەدرێژایی وەرزی رابردوو کە 62 یاریی لە وەرزی رابردوودا ئەنجامدا.
 
تێن هاگ: ئێمە شایستەی دۆڕان نەبووین
 
لەم وەرزەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، مانچێستەر یونایتد دوای ئەنجامدانی 6 یاری تەنیا 1 یاریی بردەوە، 4 یاریی دۆڕاند و لە یارییەکیشدا یەکسانبوو و ماڵئاوایی لە رکابەرییەکە کرد.
 
دوای ئەم کارەساتە گەورەیەی بەسەر یانەکەی هات، ئێریک تێن هاگ، راهێنەری یانەی مانچێستەر یونایتد لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەکە نیگەرانی خۆی بە دۆڕان و ماڵئاواییکردنی یانەکە پێشاندا و بە رۆژنامەڤانانی گوت "ئێمە شایستەی دۆڕان نەبووین، بەڵام ئێمە پێشتر دۆڕابووین و ئەوەمان دەزانی، لە راستیدا ئێمە ئاستێکی بەرزمان پێشکێشکرد، بەڵام هەندێک هەڵەمان کرد و لە کۆتاییدا نەمانتوانی ئەوەی پێویستبوو بیکەین، لەگەڵ ئەوەی لە یارییەکەدا ئاستمان زۆرباشبوو و شایستەی دۆڕان نەبووین."
 
راهێنەری مان یونایتد لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت "ئێمە لە رووی رێکخستنی بەرگرییەوە زۆرباشبووین، یاریزانەکان ئاستێکی بەرزیان پێشکێشکرد و یارییەکی باشمان کرد، لە سەرەتای نیوەی دووەمدا گوشاری زۆرمان دروستکرد، لە رووی رۆحیەتەوە تیپەکە زۆر باشبوو، بەڵام سوودمان لە هەلەکان وەرنەگرت."
 
ئێریک تێن هاگ هۆکاری دۆڕان و ماڵئاواییکردنی یانەکەی بۆ زۆری پێکانی یاریزانەکانی دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت "دوو یاریزانمان لە یارییەکەدا لەدەستدا ماگوایەر و لوک شاو و بەناچاوی بڕیارماندا گۆڕانکاری بکەین، ئێمە لە زۆرینەی یارییەکاندا لەم پاڵەوانێتییەدا بەشێکی یاریزانەکانمان ئامادەنەبوون و کاریگەریی لەسەر تیپەکە هەبوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر هەموو یاریزانەکانیش ئامادەنەبن دەبێت مانچێستەر یونایتد سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، چونکە ئەوە ئامانجیەتی."

 
راهێنەرە هۆڵەندییەکەی مانچێستەر یونایتد دەڵێت "تۆپی پێ هەر تۆپی پێیە، کاتێک خاڵ بەدەستناهێنیت سەرناکەویت، پێویستە خاڵ ببەیتەوە، ئێمە هەندێک نمایشی زۆرباشمان لە چامپیۆنزلیگدا پێشاندا و تۆپی پێی هێرشبەریمان دەکرد، بەڵا، نەمانتوانی خاڵ بەدەستبهێنین و بگەینە قۆناخی داهاتوو."
 
پێویستە ئەمە قبوڵ بکەین و لێیەوە فێرببین، بۆیە دەڵێم ئێمە یارییەکی باشمان لە چامپیۆنزلیگدا کرد، راسمۆس هویلۆند 5 گۆڵی تۆمارکرد و یارییەکی باشی ئەنجامدا، پێویستە لە پرێمەرلیگیشدا ئەوە بکات، لە راستیدا ئەمە بۆ هەموو تیپەکە گرنگە، ئەمانە بەشێکی دیکەی قسەکانی تێن هاگ بوون دوای دۆڕانەکەی بەرامبەر بایرن میونشن.
 
لە کۆتایی قسەکانیدا تێن هاگ بە رۆژنامەڤانانی گوت "ئێمە دەزانین کە پێویستە یەکگرتوو بین و وەکو راهێنەر کار بۆ باشترکردن و بەهێزکردنی تیپەکە بکەم، پێویستە یاریزانەکان هەست بەبەرپرسیارەتی بکەن و دەمانەوێت جارێکی دیکە لە چامپیۆنزلیگدا یاریی بکەن."




کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە