ئایا ریال مەدرید لە گەندەڵییەوە تێوەگلاوە و سزا دەدرێت؟

13-07-2023
سه‌فین ته‌ها @safintaha
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی رووبەڕووی بابەتێکی دارایی هەستیار دەبێتەوە، دوای ئەوەی رۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی راپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تێیدا یانەی ریال مەدریدی بە گەندەڵی تۆمەتبار کرد. 
 
لێکۆڵینەوەیەکە کە لە ژمارەی دوێنێی رۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانیدا بڵاوکرایەوە، ئاماژە بەوەدەدات کە یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانی لە حاڵەتێکی گوماناویدایە، ئەمەش گریمانە و گومانی لەسەر تێوەگلانی یانەکە لە دۆسیەیەکی گەندەڵی دروستکرد.
 
لە وردەکارییەکانی رۆژنامەی تەلەگرافدا ئاماژە بەوە کراوە: نزیکەی 135 ملیۆن یۆرۆ لە بودجەی مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوودا لەژێر ناوی "خەرجییەکانی دیکەی کارکردن" نووسراوە، لەنێویاندا 122 ملیۆن یۆرۆ کە بەباشی روون نەکراوەتەوە، واتە ئاشکرا نەکراوە چۆن ئەو پارەیە خەرج کراوە.
 
سەرچآوەکە پشتڕاستی کردووەتەوە کە ریال مەدرید وەڵامی ئەو هۆکارەی نەنووسیوە کە پارەکەیان بۆی خەرجکردووە, واتا لە تێبینییەکانی خۆیدا روونکردنەوەی زیاتری لەسەر ئەو بابەتە نەنووسیوە کە بۆچی ئەو پارەیەیان خەرج کردووە. 
 
بەڵام بەپێی قسەی رۆژنامەکە بێت، بەشێکی وەک پارەدان لەسەر گرێبەستێک لەگەڵ کۆمپانیایەکی دارایی ئەمریکی بۆ کڕینی داهاتی بازاڕکردن لە داهاتوودا، و یەکێك لەو گرێبەستانە لەگەڵ گرووپی "پرۆڤیدێنس" بوو بۆ سەرمایەی تایبەت، ریال مەدرید گرێبەستی لەگەڵ ئەو کۆمپانیایە کردووە و پارەی پێداون، بۆ ئەوەی لە داهاتوو سوود و داهاتی زیاتر بەدەستبهێنێت.
 
سەرەڕای ئەوەش رۆژنامەکە پشتڕاستی کردەوە کە هیچ شتێک نییە ئاماژە بەوە بکات کە گرێبەستەکە لەگەڵ "پرۆڤیدێنس" نایاساییە، هەرچەندە پرسیار هەیە لەسەر ئەوەی کە ئایا لەگەڵ کۆنتڕۆڵە داراییەکانی یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپادا کە بە یاسای یاریی خاوێن ناسراوە دەگونجێت یان نا.
 
رۆژنانەی مارکای ئیسپانی باسی ئەم بابەتەی کردووە و دەڵێت: دوای بڵاوبوونەوەی بابەتەکەی رۆژنامەی تەلەگراف، یانەی ریال مەدرید راستەوخۆ پێداچوونەوەی بە هەموو ژمێریارییەکەی خۆیدا کردووەتەوە و هیچ خاڵێکی نایاسایی بەدینەکراوە و کێشەی نەبووە. 
 
بەڵام پرسیاری جیددی هەیە سەبارەت بەوەی ئایا دەبێت رێگە بە یانەکان بدرێت فرۆشتنی داهاتی داهاتوو وەکو پاداشت بنووسن یان نا؟ یانیش نەچێتە چوارچێوەی قەرزەوە؟ بەتایبەتی لە سەردەمێکدا کە ئەوانی دیکە، وەک یانەکانی سەر بە دەوڵەت، کەوتوونەتە ژێر لێکۆڵینەوەی تووندەوە سەبارەت بە ڕەوایی یان نادروستی داهاتەکانیان.
 
بەپێی میدیا جیهانییەکان، ئەگەر یۆفا لێکۆڵینەوە لەم بابەتە بکات و ریال مەدرید نەتوانێت ئەوە بسەلمێنێت کە بۆچی ئەو پارەیەیان خەرج کردووە، ئاوا ئەگەری سزادانی یانەی شاهانە لە ئارادەیە، سزاکان لە پێبژاردنەوە دەستپێدەکەن تاوەکو سڕکردن و دوورخستنەوە لە خولە ئەوروپییەکان. 
 
بەپێی شیکارییەک کە بۆ یانە ئەوروپییەکان کراوە، کە هاوشێوەی ڕیاڵ مەدریدن، هیچ کامیان پارەیەکی وا گەورە و دیارینەکراویان لە بودجەی دارایی خۆیاندا نەبووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە